كێشه‌ی بارمته‌ی زیندانییه‌ك به پیتزا كۆتایی هات
K24 - هه‌ولێر:
كێشه‌ی به‌بارمته‌گرتنی دوو پاسه‌وانی زیندانییه‌كی سوید كۆتاییهات، كه تاوانباره‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌وه بۆ هه‌ڵاتن داوای كۆپته‌رێكیان ده‌كرد، به‌ڵام دواتر به پیتزای گۆشت رازی بوون و بارمته‌كانیان ئازاد كرد.
رووداوه‌كه له یه‌كێك له زیندانه‌كانی نزیك شاری "ئیسكلستونا"ی سوید روویدا، كاتێك دوو زیندانی حوكمدراو به تاوانی كوشتن هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر به‌شی چاودێری و كۆنترۆڵ، چه‌ند كه‌لوپه‌لێكی شه‌ڕیان به‌كارهێنا، كه به‌خۆیان درووستیان كردووه، دوو پاسه‌وانیان به بارمته گرت، كه ژنێك و پیاوێكن.
دوای رووداوه‌كه ره‌وشی زیندانییه‌كه ئاڵۆز بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانبارانه كه‌سانی مه‌ترسیدارن و پێشتر تاوانی كوشتن‌یان ئه‌نجام داوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پۆلیس داوای دانووستانی كرد.
سه‌ره‌تا دوو تاوانباره‌كه داوای كۆپته‌ریكیان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له زیندانه‌كه هه‌ڵبێن، دانووستانه‌كه به درێژایی رۆژه‌كه درێژه‌ی كێشا، به‌ڵام داواكارییه‌كانی بۆ شتێكی سه‌یر گۆڕا، كه ره‌زامه‌ندییان نیشانداوه بارمته‌كان ئازاد بكه‌ن، ئه‌گه‌ر 20 پیتزای گۆشت بۆ خۆیان و هاوڕێییه‌كانیان بێنن.
سه‌ره‌تا پۆلیس بڕوای به‌و داواكارییه نه‌كردووه، بۆیه داوای له‌و دوو رفێنه‌ره كردووه، وه‌ك نیه‌تپاكییه‌ك یه‌كێك له بارمته‌كان ئازاد بكات، ئه‌وانیش پاسه‌وانێكیان ئازاد كرد و ژنه پاسه‌وانه‌كه‌یان هێشته‌وه، دوای دوو كاتژمێریش پاسه‌وانه‌كه‌ی دیكه‌شیان ئازاد كرد، پۆلیسیش هێرشی كرده سه‌ریان و هه‌ردوو رفێنه‌ره‌كه‌ی ده‌ستگیركرد.
پۆلیس ئاماژه‌ی به‌وه كرد، هه‌ردوو پاسه‌وانه بارمته‌كراوه‌كه ته‌ندروستیان باشه، تاوانباره‌كانیش به تۆمه‌تی رفاندن دادگایی ده‌كرێن.
د.ی