باڵیۆزی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق: ئیدارەی بایدن دەیەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەهێز بکات

* دۆگلاس سیلیمان: ئیدارەی بایدن زۆر به‌باشی لە دۆزی کورد و کێشەی کورد و دەرفەتە سیاسی و ئابوورییەکانی بەردەم کورد تێدەگات

K24- هه‌ولێر:

دۆگلاس سيلیمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمه‌ریکا لە عێراق رایگەیاند: ئیدارەی بایدن دەیەوێت حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێز بکات. سولیمان تایبه‌ت به‌ کوردستان24 گوتی: ئەمه‌ریکا هاوکاری چەند یەکەیەکی هێزی پێشمەرگەی کردووە و بەردەوامیش دەبێت، بەشێوەیەك کە ئەمە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بوونی نیە. دۆگلاس ئاماژە بەوەش دا، ئیدارەی بایدن زۆر به‌باشی لە دۆزی کورد و کێشەی کورد و دەرفەتە سیاسی و ئابوورییەکانی بەردەم کورد تێدەگات.

باڵیۆزی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌، "لەم دۆخەدا هێشتا عێراق پێویستی بەوەیە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەه‌ وڵاته‌ بمێننەوە و وەك وەزیری دەرەوەی عێراقیش باسیکرد، لەڕووی راهێنان، راوێژ، پێدانی زانیاری هەواڵگری و بۆردومانی ئاسمانی لەکاتی پێویستدا هاوکاری عێراق بکەن، چونکە تا ئێستاش عێراق ئەو توانایه‌ی نیە".

له‌ به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا بۆ كوردستان24 سیلیمان گوتی: "پێشتریش ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان لە شەڕی رووبەڕوو و راستەوخۆ لەدژی داعش بەشدارییان نەکردووە و تەنیا راوێژ، راهێنان و هاوکاری ئاسمانیان پێشکەشکردووە. بەڵام لە گفتوگۆ ستراتیژییەکاندا دەیانەوێت بە فەرمی وەڵامی میلیشیا شیعەکان و ئێرانیش بدەنەوە، کە ئەمه‌ریکا لە عێراق داگیرکەر نیە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئەمه‌ریکا پێی وایە، ئەوەی لە عێراق روودەدات کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە، ئەگەر عێراق سەقامگیر بێت بە ئاسانی ناوچەکانی دیکەش سەقامگیر دەبن. گفتوگۆکانیش مەبەستیانە سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ عێراق بگەرێننەوە".

دووپاتیشیكرده‌وه‌، "من پێموانیە ئەمه‌ریکا بە تەواوی لە عێراق بکشێتەوە، چونکە بەرژوەندییەکانی ئەمه‌ریکا لە ئەفغانستان و عێراق زۆر جیاوازن و ناکرێ بەراورد بکرێن. ئیدارە بایدنیش دەیەوێت حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەهێز بکات. بەڵام ئەوەی ئێستا لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستیی عێراق هەیە، میلیشیا شیعەکان هیچ حسابێك بۆ سەرۆك وەزیران ناکەن و مەترسی سەرەکین بۆسەر سەروەری و ئاسایشی عێراق".

باڵیۆزی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "دەرئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژی ئەگەر پشتگیری کورد، سوننە، شیعە، کریستیان و هەموو لایەنەکانی دیکەی نەبێت کاریگەری نابێت. پێویستە فشار لەسەرکردەی ئەو میلیشیانە بکرێت، کە گوێ بە حکومەت نادەن، تاوه‌كو بێنە ژێر فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق".

گوتیشی: "پشتیوانی ئەمه‌ریکا بۆ کورد بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە ئیدارەی سەرۆك بایدن، چونکە سەرۆك بایدن و وەزیری دەرەوە بلینکن و زۆرێك لە بەرپرسانی ئیدارەکەش تێگەیشتنی تەواویان بۆ دۆزی کورد و کێشە و دەرفەتەکانی بەردەم کورد و هەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و سیاسیشەوە هەیە. هاوکارییەکانی ئەمه‌ریکا بۆ چەند یەکەیەکی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەك کە ئەمە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بوونی نیە".

هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌، "کورد دۆستی زۆری لە واشنتن هەیه‌ و منیش یەکێکم لە دۆستەکانی کورد لە واشنتن. ئێمە بەردەوام چاومان لەوەیە باڵانسێك هەبێت لەتێڕاونین و بۆچوونی خەڵکی کورد لێرە له‌ واشنتن و لەبەرچاویش بگیرێت. هەموو کات کاریگەریمان نابێت لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە بەڵام بەدڵنیاییەوە زۆرێك لە بەرپرسان و سیاسیەکانی ئەم ئیدارەیە دۆستی کوردن و بیر لە کورد و ئەوەشی بۆ کورد باشە دەکەنەوە. پێموایە ئەمە دەبێ هەواڵێکی خۆش بێت بۆ بینەرانی کوردستان24".

H.B