ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەڵکشانە و "ئەگەری قەدەغەی هاتووچۆ لە ئارادایە"

"زۆربەی تووشبووان هەڵگری کۆرۆنای گۆڕاوی دێلتان"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – دهۆک

لەبارەی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی کۆدەبێتەوە و وتەبێژی تەندروستی دهۆکیش رایدەگەیەنێت، ئەگەر هەیە قەدەغەی هاتووچۆ رابگەیەندرێت.

هەمزە رەزیکی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سبەی کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتی وەزیری تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی ئەنجام دەدرێت، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای تەندروستی و کۆرۆنا دەکرێت، پێشنیازەکان تاوتوێ دەکڕێن و ئاراستەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەکرێن".

گوتیشی: "ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان زۆربووە، لە شەپۆلەکانی دیکەی کۆرۆنا ژمارەی تووشبووان وەک ئێستا لە نەخۆشخانەکان زۆر نەبوو، لەو بڕوایەدام لە کۆبوونەوەی سبەی قەدەغەی هاتووچۆ رابگەیەندرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "زۆرینەی ئەوانەی ئێستا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن، هەڵگری کۆرۆنای گۆڕاوی دێلتان".

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک ئاماژەئ بەوەشدا: "لە ماوەی چوار رۆژی جەژندا 20 کەس بەهۆی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دهۆک گیانیان لەدەستداوە".