"رۆژانە 400 تووشبووی کۆرۆنا لە هەولێر پێویستیان بە چارەسەرە"

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

زیاتر لە هەفتەیەکە جارێکی دیکە ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان رووی لە هەڵکشان کرووەتەوە. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێریش رایدەگەیەنێت، رۆژانە لە هەولێر 400 تووشبووی کۆرۆنا پێویستیان بە چارەسەرە و چەند نەخۆشخانەیەکی دیکە لە هەولێر بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخان دەکرێن.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ماوەی 10 رۆژی رابردوو رێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رووی لە زیادبوون کردووە، لە شاری هەولێر رۆژانە 400 کەس  زیاتر پێویستیان بە چارەسەرە، لەبەر ئەم هۆکارە دووبارە نەخۆشخانەی رۆژهەڵات تەرخانکراوە بۆ تووشبووان، هۆکاری زۆربوونی تووشبووان دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە رێنمایەکان ".

راشیگەیاند: "زۆربەی ئەو تووشبوانەی ئێستا هەڵگری جۆری کۆرۆنای گۆڕاوی دێلتان، ئەم جۆرەیان بڵابوونەوەی خێراترە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین کە پابەندی رێنمایەکان بن و ماسک بەکاربهێنن".

سەبارەت بە نەخۆشخانەکانی هەولێر بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر گوتی: "پێش ئەوەی رێژەی تووشبووان زیاد بکات سەنتەری چارەسەری کۆرۆنا لە ناوەندی فریاکەوتن بوو، کە رۆژانە 20 نەخۆش لەوێ چارەسەر دەکرێن، نەخۆشخانەی ئیماراتی رێژەیەکی زۆری تووشبووانی تێدایە، نەخۆشخانەی لالاڤ پێشتر تەنها یەک هۆڵی چاودێری چڕ تایبەت کرابوو، بۆ تووشبووان کە تەنها 20 نەخۆشی لە خۆدەگرد، بەڵام ئێستا هۆڵی دووەم کراوەتەوە بەهۆی زیادبوونی رێژەکە، چەند رۆژێک لەمەوبەر  کە سەردانمان کرد 33 نەخۆشی لێبوو، لە کاتێکدا بە هەردوو هۆڵ تەنها 40 نەخۆش دەتوانی لە خۆبگرێت، لەم حاڵەتە ناچاردەبین چەند نەخۆشخانەی دیکە یان چاودێری چڕ تایبەت بە نەخۆشییەکانی دیکە بگۆڕین بۆ تووشبووانی کۆرۆنا. تەنانەت داوامان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان کردووە ئەگەر هاتوو لە نەخۆشخانە حکومییەکان شوێن نەما چەند قەروێڵەیەک تەرخان بکەن، بۆ تووشبووان بێ بەرامبەر".

سەبارەت بە گۆڕانکاری لە رێکارەکانی خۆپارێزی ئاماژەی بەوەدا: "ئەگەر رێژەکە زۆربوو، ئەوا پێوست دەکات رێکارەکان تووندتر بکرێن، گەر پێویستش بێت قەدەغەی هاتووچۆ رابگەیەنرێت".

س.ی