راگه‌یه‌ندراوێك له‌ پارێزگاری سلێمانییه‌وه‌

له‌به‌ر مه‌ترسی خێرا بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا هه‌ندێك چالاكی راده‌گیرێن
سلێمانی
سلێمانی

K24 - هه‌ولێر:

پارێزگاری سلێمانی له‌ راگه‌ینراوێكدا چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌به‌ر مه‌ترسی خێرا بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێویسته‌ هاووڵاتیان زیاتر پابه‌ندی رێكاره‌كانی خۆپارێزی ببن و به‌ زۆرترین رێژه‌ش ڤاكسینی كۆرۆنا به‌ هاووڵاتیان بدرێت و هه‌ندێك چالاكیش رابگیرێن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی ئاشكرای كرد، پێویستە هەموو چالاکییە سیاسی و ئەدەبیی و هونەریی و رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی، کە دەبنە مایەی تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن تا تێپەڕاندنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا، رابگیرێن.

ده‌قی بڕیاره‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگاری سلێمانی:

1- پێویستە هاووڵاتیان پابەندی تەواوی رێکار و رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن، بەتایبەتی بەکارهێنانی ماسک و پاراستنی دووریی نێوانیان و دوورکەوتنەوە لە هەر بەریەککەوتن و کۆڕ و کۆبوونەوە و قەرەباڵغییەک.

2- پێویستە هاووڵاتیان ڤاکسینی پێویست وەربگرن وەک رێگایەکی پەسەندکراوی نێودەوڵەتیی بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکە و دوورخستنەوەی مەترسیی مردن لە تووشبووانی کۆرۆنا.

3- پێویستە هەموو کارمەندانی فەرمانگە دەوڵەتییەکان و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت پابەندی تەواوی رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن و رێگا بە هیچ هاووڵاتییەک نادرێت بەبێ پابەندبوون بەم رێکارانەوە سەردانی ئەم دامودەزگایانە بکات.

4- پێویستە هەموو چالاکییە سیاسی و ئەدەبیی و هونەریی و رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی، کە دەبنە مایەی تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن تا تێپەڕاندنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا، رابگیرێن.

5- پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ بن لە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پابەندبوون بە خۆپارێزیی و بەکارهێنانی ڤاکسینی دژ بە پەتای کۆرۆنا.

6- پارێزگای سلێمانی هاوکار و هەماهەنگیی تەواوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی پارێزگای سلێمانی دەبێت بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەوکەسانەی لە رۆژێکدا ڤاکسین وەردەگرن بۆ رێژەیەکی گونجاو.

 

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر

پارێزگاری سلێمانی

سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا

24/  7/  2021