ئهو كوردهی له ئۆڵمپیكی تۆكیۆ خهڵاتی زێڕی بهدهستهێنا نیشانهشكێنێكی فهیلهقی قودسی سوپای پاسداران بوو
K24- ههولێر:
ئەو وەرزشڤانە کوردەی یەکەم میداڵیای زێڕی ئۆڵمپیکی بۆ ئێران بردەوە، لە راگەیاندنەکانی ئێراندا وەك پاسداری قارەمان و ئەندامی فهیلهقی قودسى سهر به سوپای پاسداران کە لە شەڕی سووریادا بەشدار بووە، ناوی لێ براوە و لە لایەن فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانەوە پیرۆزبایی لێ کراوە.
جەواد فرووغی، وەرزشڤانی ئەندام لە تیپی نیشتمانیی نیشانەشکێن بە دەمانچە، لە یەکەم رۆژی یارییەکانی ئۆڵمپیکدا توانی بە تۆمارکردنی ریکۆردێکی نوێی نیشانەشکێنی، یەکەم میداڵیای زێڕی ئۆڵمپیکی ئەمساڵی تۆکیۆ بباتەوە.
ماڵپەڕی بەسیرەت کە سەر بە جێگری سیاسی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانە، لە پێشهوهی ماڵپەڕەکان بوو کە بە ناوی "پاسداری قارەمان" پێشوازیی لەو میداڵیا هێنانەوەیەی فرووغی کرد. ماڵپەڕی بەسیرەت نووسیویەتی: فرووغی پاسدار و پەرەستارێکی ئیرانییە، کە توانیویەتی وەك بەتەمەنترین وەرزشڤان ببێتە خاوەنی میداڵیای زێڕ.
سەردار غوڵامڕەزا سلێمانی، سەرۆکی رێکخراوی بەسیجیش کە یەکێك لە پێنج لقی سەرەکیی سوپای پاسدارانە، لە یەکەم بەرپرسانی باڵای ئێران بوو، کە بە بۆنەی ئەم سەرکەوتنه، بە ناردنی پەیامێك پیرۆزبایی لە جەوادی فرووغی کرد.
ماڵپەڕی تەسنیمیش بە بۆنەی ئەم سەرکەوتنەوە گفتوگۆیەکی لەگەڵ فرووغی کردووە، کە تێیدا ئاماژە بە بەشداریی فرووغی لە شەڕی سووریا کراوە. ئەو بە شانازییەوە باسی لەوە کردووە، لە ساڵی 2013 تا 2015 لە سووریا لەگەڵ هێزەکانی ئیران و لە ژێر فەرماندەیی سەردار هەمەدانیدا بووە، کە دواتر لە شەڕی سووریا کوژرا.
ئاژانسی فارسی سەر بە سوپای پاسدارانیش بە ناوی "پاسداری پەرەستار" باسی لە فرووغی کردووە، بە ئاماژەکردن بەوەی ناوبراو لە شەڕەکانی سووریا و لە چوارچێوەی سوپای قودسدا بەشدار بووە، گوتوویەتی: ناوبراو جیا لە کاری سەربازی، کاری پەرەستاریشی کردووە و تەنانەت بریندارەکانی داعشی تیمار کردووە.
H.B