له‌ رۆژانی جه‌ژن زیاتر له‌‌ 127 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌

چه‌ند لیژنه‌یه‌ك سه‌رپه‌رشتی و پێشوازییان له‌ گه‌شتیاران كردووه
پاركی شانه‌ده‌ر، هه‌ولێر
پاركی شانه‌ده‌ر، هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ته‌نیا له‌ رۆژانی جه‌ژنی قوربان له‌ رێگه‌ی بازگه‌كانه‌وه‌ 127 هه‌زار و 432 گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە، جگە لەو گەشتیارانەی لە رێگه‌ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە هاتوون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێردا هاتووه‌، بۆ پێشوازیكردنی گه‌شتیاران، چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكهاتووه‌،‌ بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ گەشتیاران.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر:

له‌ ماوەى رۆژانى جه‌ژن، تەنیا لەبازگەکان 127 هه‌زار و 432 گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە، جگە لەو گەشتیارانەی لەڕێگه‌ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە هاتوون و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لیژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەڕووی گەشتیاران وه‌ك:

1- لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە پێداویستی گەشتیاران لە بازگەکان و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆیان.

2- دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لێژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی هەر رووداوێك یان گیروگرفتێك.

3- دابینکردنی تەواوی خزمەتگوزاریی پێویست لە بازگەکان بۆ گەشتیاران وەک پێدانی رێنمایی گەشتیاری و تەندروستی.

4- لێژنەی تایبەت بەمەبەستی چاودێریکردنی نرخ لە شوێن و بنکە گەشتیارییەکان لە سنووری  پارێزگای هەولێر.

5- لێژنەی تایبەت بە بەدواداچوون بۆ کردنەوەی چێشتخانەکان لەڕۆژانی چەژن بۆ خزمەتی گەشتیاران.    

                          

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر