نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری لە دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق دەکات

گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت
نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی سەربازی عێراق و نوێنەری حکومەتی هەرێم لە واشنتن
نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی سەربازی عێراق و نوێنەری حکومەتی هەرێم لە واشنتن

K24  - هەولێر

شاندێکی سەربازیی عێراق بە ئەندامێتی نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق دەکات.

سبەی 26/7/2021، گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە واشتن بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی زانیارییەکان لەو گەڕەی گفتوگۆی نێوانیان باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکرێت.

ماڕک کەمیت، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێ: "پێموایە گرنگە هەردوو وڵات پەیوەندییەکانیان پتەوتر بکەن، بەتایبەتی کە عێراق لە ناوچەیەکدایە، زۆر هێز و لایەن هەن، دەیانەوێت ئەمەریکا لە هاوپەیمانەکانی جیابکەنەوە. ئەوکاتیش بە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان ئەو هێز و لایەنانە چانسی کەمتریان دەبێت بۆ دوورخستنەوەی ئەمەریکا لە عێراق. بە بڕوای من مانەوەی ئەمەریکا لە عێراق گرنگە و پێویستە، ئەمەریکا پێگەیەکی بەهێزی سەربازیی و سیاسی لە عێراق هەبێت بە مەبەستی هاوکاریکردن و پشتگیریکردنی هاوپەیمانەکانمان لە عێراق".

هەر لەبارەی گەڕی چوارەمی دیالۆگی سیراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکا، جاسم عەبدولعەزیز، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە ئەم گفتوگۆیانە گرنگن، بۆ کێشانی نەخشەی داهاتووی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق، شاندێکی باڵا بەسەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی عێراق بەشداری گفتوگۆکان دەکات، هەروەها کەسانی پسپۆر لە وەزارەتە جیاوازەکان و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت، بە یەک تیم لەچوارچێوەی بەرژەوەندی نیشتمانی کاردەکەین".

سەبارەت بە بەشداری شاندە سەربازییەکە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە "شاندی باڵای سەربازیی عێراقی، بە سەرۆکایەتی فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر شەمەری و بە ئامادەبوونی قاسم ئەعرەجی و عەمید روکن هەژار عومەر وەک نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا  ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکیان لە پێنتاگۆن  لەگەڵ شاندی سەربازی ئەنجامدا، کە پێکهاتبوون لە جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە جۆی هود و جەنەڕاڵ کالڤێرد فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا و جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا".

هەر لەو چوارچێوەیەدا عەمید روکن هەژار عومەر نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەنراڵ فیلیپس ئەفسەری باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و پاشکۆ (ملحق)ی سەربازیی سوپای ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەوە. بڕیاریشە شاندی هەرێم لە پەراوێزی دیالۆگی ستراتیژی چەندین کۆبوونەوەی تر ئەنجام بدات.

لەلایەکی دیکە و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق، بڕیارە سبەی مستەفا کازمی بگاتە واشنتن و لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، جۆو بایدن و مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆشکی سپی رێککەوتنی کاتی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق واژۆ دەکەن.

رۆژنامەکە ئاشکراشی کردووە "ژمارەیەکی کەم لەو 2 هەزار و 500 سەربازەی ئەمەریکا کە ئێستا لە عێراقن، بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەکشێنەوە و پێداچوونەوەش بە رۆڵی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکرێت".

به‌ گوێره‌ی راپۆرتی ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌، سه‌ره‌ڕای كه‌مكردنه‌وه‌یه‌كی سنووردار له‌ ژماره‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌ركی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش بگۆڕدرێت. 

پێشتر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، تەنها هێزە شەڕکەرەکان دەگرێتەوە. کشانەوەی ئەو هێزانەش بە قۆناغ دەبێت و دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستپێدەکات.