پارێزگاری هەولێر: لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری پێویست دەدرێت

لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

سەبارەت بە دەنگۆی راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ، پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەوەی دەگوترێت راست نییە و رۆژی سێشەممە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست دەدرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ی رایگەیاند: "دەنگۆ و قسە و باس هەیە کە جارێکی دیکە قەدەغەی هاتووچۆ رادەگەیەنرێت، بەڵام ئەو دەنگۆیانە هیچی راست نیین، رۆژی سێشەممە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی و بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بڕیاری پێویست دەدرێت،و لە لایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان و یەکە کارگێڕییەکان بڕیارەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

گوتیشی: "بە هیچ جۆرێک ناخوازین ئەو بڕیارانەی دەدرێت ببێتە مایەی نیگەرانی خەڵک، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی و ژیان و کەسابەتی خەڵک بڕیار دەدرێت، بەڵام پێویستمان بەوەش هەیە جارێکی دیکە هاووڵاتییان بەخۆیاندا بچنەوە، چونکە لە ماوەی رابردوودا تاڕادەیەک خەمساردیان پێوە دیار بوو، وا وێنا دەکرا کە کۆرۆنا نەماوە، هاوکات داوا لە خەڵک دەکەین ڤاکسین وەربگرن".

پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند: "دەبێ لە فەرمانگەکانی حکومەت بە گرتنەبەری رێنمایی و رێکارە تەندروستییەکان دەوام بکرێت".