کازمی: پێویستیمان بە هێزی شەڕکەری بیانی نییە

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو واشنتن بەڕێکەوت
مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو واشنتن بەڕێکەوت و پێش بەڕێکەوتنی رایگەیاند، وڵاتەكەی چیتر پێویستی بە هێزی شەڕکەری بیانی نییە، ھاوكات داوا لە ئەمەریکا دەکات، هاوکاری عێراق بکات لە چاککردنەوەی چەک و راهێنان بە هێزەکان.

کازمی، گوتی: "ئەوەی ئێمە لە مانەوەی هێزەکانی دەوێت، پاڵپشتی کردنی هێزەکانمانە لە رووی مەشقپێکردن و گەشەپێدانی توانا و کارامەیی، هەروەها زیادکردنی هەماهەنگی ئەمنی. ئێستا سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان ئامادەن و توانای بەرگریکردنیان هەیە. ئەمڕۆ تەنیا پێویستیمان بە پاڵپشتی و باشترکردنی تواناکانمانە و پێویستیمان بە هیچ هێزێکی شەڕکەری بیانی لەسەر خاکی عێراق نییە".

گوتیشی: "عێراق خاوەنی چەکی ئەمەریکییە، کە پێویستی بە مەشق و چاککردنەوەی بەردەوام هەیە. ئێمە داوا لە ئەمەریکییەکان دەکەین، لە پاڵپشتیکردن و بەرەوپێشبردنی هێزەکانمان بەردەوام بن".

سبەی 26/7/2021، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە، گفتوگۆ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەن.