بڕیاری ئه‌مه‌ریكا بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی شه‌قامی عێراقی نیگه‌ران كردووه‌

چاودێرێكی سیاسی: ئه‌مه‌ریكا كارێكی كردووه‌، عێراق تا ماوه‌ پێویستی هه‌ر پێیه‌تی

K24- به‌غدا:

چاوەڕێ دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ هێزە شەڕکەرەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق بکشێنەوە، بەڵام هاوکارییە لۆجستیەکانی ئەو وڵاته‌ بۆ عێراق بەردەوام دەبێت، شەقامی عێراقی بەنیگەرانیەوە لە بڕیاری ئەمه‌ریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی دەڕوانێت و ترسی ئەوەیان هەیە، جارێکی دیکە داعش بەهێز ببێتەوە و هێرشەکانی دەستپێ بکەنەوە.

له‌كاتێكیشدا شەقامی عێراقی لە چاوەروانی ئەنجامی گفتوگۆی نێوان ئەمه‌ریکا و عێراقه‌، خەڵکێکی زۆر لە دڵەراوکێ دان و پێیان وایە کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق واتا گه‌ڕانه‌وه‌ و چالاكبوونه‌وه‌ی دووباره‌ی داعش، له‌مباره‌شه‌وه‌ جه‌واد كازم، نووسه‌رێكی عێراقییه‌ و ده‌ڵێت: "ئەگەر پێویستیەك هەبێ بۆ ئەمه‌ریکا دەبێت بمێنێتەوە، بەبڕوای من هێشتا عێراق پێویستی بەهێزەکانی ئەمه‌ریکایە".

هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ به‌ناوی حازم عه‌تییه‌ ده‌ڵێت: "ئەمه‌ریکا ته‌نها ماڵوێرانی بۆ هێناوین، هیچی بۆ نەکردووین، کۆمەڵە حزبێکی گەندەڵی هێناوە دەسەڵاتدارمانن، با بکشێنەوە هیچ خێریان نەبووه‌!".

هه‌رچه‌ند هێزە شیعیەکان له‌ بانگەشەكانیان بۆ دەرکردنی هێزە بیانیەکان لە عێراق جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئێستا عێراق لەتوانایی هەیە وڵاته‌كه‌ی له‌ مه‌ترسییه‌كان بپارێزیت، بەڵام هێشتا خەڵکی بەو دوعاییە ناڵێن ئامین. محه‌مه‌د سه‌لامی كه‌ چاودێرێكی سیاسی عێراقییه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، "به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاسمانی عێراق به‌ده‌ست هێزته‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ نییه‌ و كۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق به‌ده‌ست ئه‌مه‌ریكایه‌، بۆیە ئەمه‌ریکا کارێکی کردووە تا عێراق هەبێت، دەبێت پێویستیان بە ئەمه‌ریکا بێت".

ئه‌مه‌ر له‌كاتێكدایه‌، ئەمه‌ریکا رازی بووە تاکۆتایی ئەمساڵ هێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە و بڕیاری لێدراوە، بەڵام هێشتا جێ بەجێ نەکراوە ز پێشبینیش ده‌كرێت، له‌ دوا دانوستانه‌كانی ئه‌مجاره‌ی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا، دوا بڕیار له‌وباره‌یه‌وه‌ بدرێت.

H.B