ته‌ندروستی هه‌ولێر: ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی كۆرۆنا زه‌نگێكی مه‌ترسیداره
K24- هه‌ولێر:
دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر له‌باره‌ی دۆخی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاماره‌كانی تووشبوون و مردن به‌و په‌تایه بۆ كوردستان24 دووپاتیكرده‌وه، ئه‌و رێژه به‌رزه‌ی تووشبوون به په‌تای كۆرۆنا كه له ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا تۆماركراوه، زه‌نگێكی مه‌ترسیداره، به‌تایبه‌ت كه ئێمه به‌ر له مانگێك گه‌یشتبووینه ئه‌و ئاسته‌ی رێژه‌ی تووشبوونی رۆژانه له هه‌ولێر گه‌یشتبووه له 3% و له‌ژێر ستانده‌ردی باودا بوو، به‌ڵام ئێستا رێژه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك به‌رزبووه‌ته‌وه، گه‌یشتووه‌ته 18%، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات، كه ئاماره‌كان 6 ئه‌وه‌نده‌ی مانگی رابردوو نیشان ده‌ده‌ن.
هه‌روه‌ها گوتی: زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا بۆ مه‌به‌ستی پشكنین سه‌ردانی بنكه ته‌ندروستی و تاقیگه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ن كه نیشانه‌ی كۆرۆنایان هه‌یه و ئه‌نجامه‌كانیشیان پۆزه‌تیڤ ده‌رده‌چن، هه‌ربۆیه نه‌خۆشخانه‌كانیش پڕبوونه له كه‌سانی تووشبوو و هه‌موو جێگا ته‌رخانكراوه‌كان له نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ركردنی كۆرۆنا گیراون، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه زنجیره‌ی دێلتای ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خێرا ته‌شه‌نه ده‌كات و بڵاوده‌بێته‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له نه‌خۆشه‌كان نیشانه‌كانیان به‌خێرایی ده‌گۆڕێن و دۆخیان به‌ره‌و خه‌راپی ده‌ڕوات.
جه‌ختیشی كرده‌وه، پێویسته هه‌موو لایه‌ك به‌یه‌كه‌وه پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن و داواشی له هاووڵاتییان كرد، له پابه‌ندبوون به رێكار و رێنمایه‌كان هاوكار بن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كێرڤی ئاماره‌كه دابه‌زێنن و چاره‌سه‌ر بۆ تووشبووان دابین بكه‌ن و دۆخه‌كه كۆنترۆڵ بكه‌ن.
دكتۆر دلۆڤان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، كه به سه‌رپه‌رشتی دكتۆر سامان به‌رزجی، وه‌زیری ته‌ندروستی و به‌شداریكردنی راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانی پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر پێشنیازی كرد، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه له جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی خۆپارێزی و به‌كارهێنانی ده‌مامك و دووری كۆمه‌ڵایه‌تی، دا‌واشیان كردووه، قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی سنووردار رابگه‌یه‌ندرێت، كه به لایه‌نی كه‌م له كاتژمێر 8:00ی ئێواره ده‌ستپێبكات و تا كاتژمێر 6:00ی به‌یانی به‌رده‌وام بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: دۆخه‌كه پێویست به‌وه ده‌كات، قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی سه‌رانسه‌ری رابگه‌یه‌ندرێت، به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان، بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان، وا پێویست ده‌كات كه به‌لایه‌نی كه‌م ئێواران تا به‌یانی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ رابگه‌یه‌ندرێت.
سه‌باره‌ت به هۆكاره‌كانی ئه‌و هه‌ڵكشانه خێرایه‌ی له كێرڤی ئاماری كۆرۆنادا روویداوه، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر گوتی: ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی له ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه له ماوه‌ی رۆژانی جه‌ژن و وه‌رزی گه‌رمادا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه، فاكته‌رێكی كاریگه‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئاماره‌كه به‌وشێوه‌یه هه‌ڵكشێت، بۆیه پێشنیازی ئه‌وه‌شمان كردووه، ته‌نیا رێگه به‌و گه‌شتیارانه بدرێت سه‌ردانی هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، كه ڤاكسینی دژی كۆرۆنایان وه‌رگرتووه. وێڕای پێشنیازكردنمان بۆ داخستن و قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و شوێنانه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی درووستبوونی قه‌ره‌باڵغین، وه‌ك هۆڵی بۆنه و پرس و ئاهه‌نگه‌كان و هۆڵی كۆنفرانسه‌كان.
دكتۆر دلۆڤان باسی ئه‌وه‌شی كرد، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان به‌مدواییانه له زۆر شوێن دووباره پرسه داده‌نرایه‌وه، به‌ڵام پێویسته جارێكی دیكه قه‌ده‌غه بكرێت و رێگه به دانانی پرسه نه‌درێت و له فه‌رمانگه حكومییه‌كانیش، پێویسته سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران و ئه‌وانه‌ی بۆ راییكردنی كاره‌كانیان سه‌ردانی ئه‌و فه‌رمانگانه ده‌كه‌ن، پابه‌ندی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان و رێكاره‌كانی خۆپارێزی بن.
هه‌روه‌ها گوتی: پێویسته دوكاندار و كاسبكارانیش له‌وه ئاگادار بكرێنه‌وه، كه ده‌بێت پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن و رێگه به هاووڵاتییانیش نه‌درێت به‌بێ به‌كارهێنانی ده‌مامك سه‌ردانی بازاڕ و شوێنه گشتییه‌كان بكه‌ن.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بێت و كار بۆ دابه‌زاندنی ئاماری تووشبوون نه‌كرێت و هاووڵاتییان هه‌ماهه‌نگ نه‌بن بۆ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان، پێده‌چێت له داهاتوودا ئاماره‌كه زیاتر به‌رز بێته‌وه، به‌مه‌ش نه‌خۆشخانه‌كان شوێنیان نامێنێت و كارمه‌ندانی ته‌ندروستیش فریای ئه‌وه ناكه‌ون چاره‌سه‌ری پێویست بۆ ته‌واوی تووشبووان دابین بكه‌ن و خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستییان پێشكه‌ش بكه‌ن، چونكه توانای نه‌خۆشخانه‌كانیش سنوورداره، بۆیه تاكه چاره‌سه‌ر كاركردنه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاماری تووشبوون.
هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر داواشی له هاووڵاتیان كرد، هه‌رچی زووه ناوی خۆیان بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسینی دژ به كۆرۆنا تۆمار بكه‌ن، چونكه به‌گوته‌ی خۆی، وه‌رگرتنی ڤاكسینیش فاكته‌رێكی زۆر كاریگه‌ره بۆ دابه‌زاندنی رێژه‌ی تووشبوون و هێواشكردنه‌وه‌ی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی په‌تاكه.
هه‌وره‌ها گوتی: ئه‌و بڕه ڤاكسینه‌ی له‌به‌رده‌سیان بووه، بۆ هاووڵاتیان به‌كارهێنراوه و به‌رده‌وام ده‌بن و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی ڤاكسینیان وه‌رگرتووه، ئه‌گه‌ر تووشی كۆرۆناش بووبن، حاڵه‌ته‌كانیان سووك بووه و هیچ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ته‌ندروستی ئه‌وان نه‌بووو و ئه‌گه‌ره‌كانی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌شیان زۆر لاواز بووه.
دكتۆر دلۆڤان ئاشكراشیكرد، بڕیاردراوه، بۆ له‌مه‌ودوا هه‌فتانه 20 هه‌زار ژه‌مه ڤاكسین بۆ سنووری پارێزگای هه‌ولێر دابین بكرێن و به‌و هیوایه‌ن له داهاتوودا ئه‌و رێژه‌یه زیاتر بێت و گوتیشی: به به‌راورد له‌گه‌ڵ رابردوو، ئێستا خه‌ڵكێكی زۆر زیاتر داوای ڤاكسین ده‌كات.