دوای شه‌ڕ و ململانێیه‌كی زۆر كێشه‌كه‌ی نێیمار چاره‌سه‌ر كرا

لیۆنێل مێسی و نێیمار دا سیلڤا
لیۆنێل مێسی و نێیمار دا سیلڤا

دوای ساڵانێک لە کێشە و ململانێ و سکاڵا و هەڕەشە کردن، دواجار کۆتایی بە کەیسەکەی نێوان بارسێلۆنا و نێیمار داسیلڤای یاریزانی بەڕازیلی ئەو یانەیە هات و یاریزانەکەی پاریس سانجێرمان کە داوای شایستە داراییەکانی لەو یانەیە دەکرد، لەگەڵ یانەکەی پێشووی بە شێوەیەکی دۆستانە گەیشتنە رێکەوتن و کۆتاییان بە هەموو کێشەکان هێنا.

ساڵانێک بوو کێشەیەکی قول لە نێوان نێیمار داسیلڤا و یانەی بارسێلۆنا سەریهەڵدا بوو، ئەویش دوای ئەوەی یاریزانە بەڕازیلیەکە لە ساڵی 2017 ریزەکانی ئەو یانەیەی بەرەو پاریس سانجێرمان جێهێشت، بەڵام دواجار هەردوولا بەشێوەیەکی دۆستانە کۆتاییان بە کێشەکان هێنا.

نێیمار لە ساڵی 2013 پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد و تاوەکو سالێ 2017 لەگەڵ ئەو یانەیە یاری کرد و لە کۆی 186 یاری توانی 150 گۆڵ بۆ یانەکەی پێشووی بکات و لەو ساڵەدا یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە گواستەوە ریزەکانی.

نیمۆ دوای جێهێشتنی بارسا داوای شایستە داراییەکانی کرد و بە بیانۆی ئەوەی ئەو یانەیە پاداشتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەساڵی 2016 پێشکەشی نەکردووە، سکاڵای لە دژی ئەو یانەیە تۆمار کرد، بەڵام سکاڵای یەکەمی سەری نەگرت.

یاریزانە بەڕازیلیەکە بەردەوام بوو لەسەر هەڕەشەکانی و بۆ جاری دووەمیش سکاڵای لە دژی بارسێلۆنا تۆمار کرد و سوور بوو لەسەر وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی و چەندین دانیشتنیش لە دادگا لەسەر ئەم کەیسە کرا و کەیسەکەش بە کراوەیی مایەوە.

بارسێلۆناش کە لە سەردەمی جۆزێپ ماریا بارتیمیۆ تووشی ئەو کێشەیە بوو، ئەوانیش دواجار سکاڵایەکیان لە دژی ئەو یاریزانە تۆمار کرد و کێشەکە قوڵتر بوو و هەتا بووە هۆی ئەوەی کە ساڵی 2019 نێیمار نەتوانێت جارێکی دیکە درێسی ئەو یانەیە لەبەر بکاتەوە.

دواجار پاش گەڕانەوەی خوان لاپۆرتا ئەو یانەیە کۆتایی بە کەیسەکە هێنا و لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڵاویکردەوە کە بەشێوەیەکی دۆستانە لەگەڵ یاریزانی پێشووی یانەکەیان گەیشتنە رێکەوتن و هەموو کێشەکان چارەسەر کران.