كازمی: چاوم له‌وه‌یه‌ عێراق و ئه‌مه‌ریكا زیاتر له‌یه‌ك نزیك ببنه‌وه‌

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق: خۆشحاڵم لە واشنتنم بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانمان

K24- هه‌ولێر:

مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌، ئێستا پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمه‌ریکا لەهەمووکات بەهێزترن و چاومان لەوەیە ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر و فراونتر بکەین.

ئه‌م گوتانه‌ی كازمی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە کۆشکی سپی هاتوون گوتی: گەلی ئەمه‌ریکا قوربانیداوە بۆ بەدیهێنانی عێراقێکی ئازاد و دیموکرات و چاوم لەوەیە ئەمه‌ریکا و عێراق زیاتر لەیه‌ك نزیك ببنەوە.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتیشی: "ئێمە هاوبەشیەتێکی ستراتیژیمان هەیە، خۆشحاڵم لە واشنتنم بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانمان و چۆن بتوانین ئەو پەیوەندییانە باشتر بکەین".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئەمه‌ریکا هاوکاری عێراقی کردووە. پێکەوە شەڕمان کردووە و داعشمان تێکشکاندووه‌. دەمەوێت جارێکی دیکە بەناوی گەلی عێراقەوە سوپاسی ئه‌مه‌ریكا و گه‌له‌كه‌ی بکەم، بۆ ئەو هەموو قوربانیانەی دایانە بۆ بەدیهینانی عێراقێکی ئازاد و دیموکرات".

كازمی روو له‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان دووپاتیكرده‌وه‌، "ئەمڕۆ پەیوەندییەکانمان لەهەمووکات زیاتر بەهێزترن. هاوبەشیەکانمان فراونتر دەکرێن، تا بوارەکانی ئابووری، ژینگە، تەندروستی، پەروەردە، کولتوور و زۆر بواری دیکەش بگرێتەوە. چاوم لەوەیە لە گفتوگۆکانمان پێکەوە وڵاتەکانمان زیاتر لەیەكتر نزیك بکەینەوە، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ لەبەرژوەندی عێراق و ئەمه‌ریکادا بێت".

H.B