هۆڵەندا پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەدات

K24 - ههولێر:
پڕۆژەکانی ھۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، جگە لە پشگیری دارایی بەشێک لە پڕۆژە و کارگەکانی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ دادەمەزرێن، وەك ھەوڵێك بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ و بە خۆماڵیکردنی بازاڕەکان بەرپرسی بەشی ئابووری لە کونسوڵخانەی ھۆڵەندا رایگهیاند، ئێمە لە بواری کشتوکاڵی بۆمان گرنگە کوردستان خۆ بژێوی ناوخۆیی ھەبێت، چونکە خاکێکی بەپیت و سامانێکی کشتوکاڵی بەھێزی تێدایە.
ھۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان پەرە بە پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی دەدات و بەشێك لەو پڕۆژانەش کە ستراتیژین لە ھەرێمی کوردستان ھۆڵەندییەکان لە ھاوکاری کردنیدا پشکی شێریان ھەیە.
بەرپرسی بەشی ئابوری لە کونسوڵخانەی ھۆڵەندا ئاماژهی بهوه كرد، ئەوان دەیانەوێت جگە لە کشتوکاڵ لە سێکتەرەکانی دیكهشدا بەشداربن لە بوژاندنەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان.
میلانا راوو، بەرپرسی بەشی ئابووری له کونسوڵخانەی ھۆڵەندا گوتی: "ئێمە وەکو کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان دەمانەوێت گرنگییەکی زۆر بە چەند کەرتێکی تایبەتی بدەین، لەوانە کەرتی وزە و کشتوکاڵ، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین بەرنامەی تایبەت و پڕۆژەمان هەیە".
بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری کشتوکاڵی نایشارێتەوە، ئامانجی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ و پەرەدانە بە سێکتەرە جیاوازەکان بۆ ئەمەش حکومەتی ھۆڵەندا تا ئێستا پشتگیرییەکی باشی کەرتی کشتوکاڵی کردووە.
پڕۆژەکانی کشتوکاڵ بەتایبەت دروست کردنی خانووی شوشەیی و بەرھەمھێنانی کارگەی بەرھەمە ناوخۆییەکان و ساردکەرەوە بۆ پاراستنی بەرھەمی کشتوکاڵی و ھاوکاری زانستی بۆ جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بەردەوامەکانی حکومەتی ھۆڵەنداییە لە ھەرێمی کوردستان و پڕۆژەکانیش بەردەوام دەبێت.
د.ی