داعش هاووڵاتیانی فەللوجە وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت

"چەند زانیارییەك لە زاری گوتەبێژی ھێزەكانی هاوپەیمانان بڵاودەكرێتەوە"

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی زانیاری رۆژنامەیەكی بەریتانی داعش لە فەللوجە 50 هەزار هاووڵاتی وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت.

رۆژنامەی دەیلی میره‌ری بەریتانی لە چاپی ئەمڕۆیدا بڵاویکردووتەوە: "چەکدارانی داعش نزیکەی 50 هەزار هاووڵاتی سڤیلی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن".

رۆژنامەکە نووسیویەتی:" دوای ئەوەی هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر فەللوجە و گەمارۆی شارەکەیان دا، چەکدارانی داعش، لە پەنای هاووڵاتیانەوە خۆیان حەشار دەدەن".

دەیلی میره‌ر لە زاری ستیڤ وارن، گوتەبێژی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش نووسیویه‌تی: "لە بۆردوومانه‌كانی هاوپەیماناندا، حەفتا چەکداری داعش کوژراون، لە نێویاندا ماهیر بیلاوی، سەرکردەی چه‌كدارانی داعش لە فەللوجە ھەیە".

ئەمە لە كاتێكدایە ھەفتەی رابردوو ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی فەللوجە لە ژێر دەستی داعش دەستی پێكردووە، ئەمڕۆش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی رایگەیاند، قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ پلانی‌ رزگارکردنی فەللوجه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی كۆتایی پێهاتووەو دەستکرا بە قۆناغی دووەمی پرۆسەکە.