بڕیاری ئه‌مه‌ریكا بۆ گۆڕینی ئه‌ركه‌كه‌ی له‌ عێراق گرووپه‌ میلیشیاكان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش ده‌كات

به‌شێكیان پێشوازی لێ ده‌كه‌ن و به‌شێكی دیكه‌شیان پێیانوایە بریارەکەی بایدن تەنیا بۆ سوککردنی فشارەکانی سەر کازمییە و جێبەجێ ناکرێت

K24- هه‌ولێر:

بەشێك لە میلیشیاکانی سەربە ئێران لە عێراق پێشوازی لە بڕیارەکەی جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئەمه‌ریکا بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ عێراق زو گۆڕینی ئه‌ركه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، بەشێکیشیان پێیانوایە بریارەکەی بایدن تەنیا بۆ سوککردنی فشارەکانی سەر کازمییە و جێبەجێ ناکرێت.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمه‌ریکا بەفەرمی کۆتایهاتنی ئەرکی سەربازە شەرکەرەکانی وڵاتەکەی لە عێراق راگەیاند. بایدن بۆ یەکەمجار و لە ئۆڤاڵ ئۆفیس بە ئاشکرا بە مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی گوت: پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراق بۆ لەمەودوا دەچنە قۆناغێکی نوێ.

ئەم هەواڵە بەشێك لە میلیشیاکانی سەربە ئێرانی لە عێراق دڵخۆشکردووە، هەواڵێك چەندین ساڵە چاوەرێن و هەتا رادەی هەڕەشە و هێرش کاریان بۆ کردووە، بەشێوەیەك تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 50 هێرشیان کردووەتە سەر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

بایدن بە دیاریکراوی گوتی: لە کۆتایی ئەمساڵەوە کۆتایی بە ئەرکی سەربازە شەڕکەرەکانمان دەهێنین، لە ئەرکی راوێژ و راهێنان بە هێزە عێراقیەکان و شەڕی هاوبەشمان لە دژی داعش بەردەوام دەبین.

هاوپەیمانی فەتح ئەم هەڵوێستەی ئەمه‌ریکا بە ئەرێنی و گەڕانەوەی سەروەری تەواو بۆ عێراق ناودەبات. موقتەدا سەدر پیشوازی لێدەکات و لیواکانی ئیمام عەلیش دەڵێن: سوپاسی حکومەتی عێراق دەکەین، بۆ بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانی، بەڵام گومانیان هەیە لەسەر زەوی وەك خۆی جێبەجێبکرێت. پێیانوایە ئەم قسانەی بایدن لەکاتی پێشوازی لە کازمی و ناردنی 500 هەزار ژەمی ڤاکسین بۆ عێراق بۆ پێدانەوەی هەیبەت و کەمکرنەوەی فشارەکان بووە لەسەر کازمی، بۆ ئەوەی وەك سەرۆکی ئەمه‌ریکا جەختیکردەوە، بە هاوکاری وڵاتانی هاریکاری کەنداو و نەتەوەیەکگرتوەکان هەڵبژاردنەکانی ئەکتۆبەری ئەمساڵ بەرێوەبچن.

جاك واڵتن و رێناد مەنسوور دوو شارەزا و پسپۆری سیاسەتی عێراقن، پێیانوایە، ئەم بڕیارانەی ئیدارەی بایدن یەکەم هەنگاوی وازهێنانە لە عێراق.

جاك واڵتن، ئەندامی پەیمانگەی شاهانەی یەکگرتوو بۆ بەرگری و ئاسایش له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتی: "پێش هەموو شتێك ئەم راگەێندراوە لە ئیدارەی پێشووش ئاماژەی پێدراوە. دواتر، کەمکردنەوەی ژمارەی سەرباز گرنگ نیە، بەڵکو گۆڕێنی رۆڵی ئەمه‌ریکا گرنگە. مەبەست لە گۆڕینی رۆڵ ئەوەیە، چیتر ئەمه‌ریکا بەشداری شەڕ ناکات و تەنیا هاوکار دەبێت لە شەڕی دژی پاشماوەکانی داعش. پێموایە سیاسەتی پیشت راگەیاندنی ئەم بڕیارەی ئەمه‌ریکا ئەو ناکۆکییەیە، كه‌ لەنێوان ئەمه‌ریکا و ئێران لە عێراقدا هەیە."

رێناد مەنسوور، بەڕێوبەری پرۆژەی دەستپێشخەری عێراق لە چاتام هاوسیش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "چەندین ساڵە ئەمه‌ریکا کاریگەری خۆی لە عێراق لەدەستداوە. بەڕوونی، بیرۆکەی بنیادنانەوە و دروستکردنەوەی عێراق، کە ئەمه‌ریکا دەتوانێ جارێکی دیکە ئەو وڵاتە بخاتەوە سەرپێ شکستی هێنا، ئەمەش لاوازی توانای ئەمه‌ریکا نیشان دەدات. بە دیوێکی دیکەدا بۆ ئەو خەونەش نەما، کە ئیتر وڵاتانی ئەوروپی و رۆژئاوایی بچنە هەر وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاسیا، ئیتر هەمووشت باش دەبێت. پێموایە ئیتر وەك ئەوەی لە 2003 بینیمان، دەسەڵاتی ئەمه‌ریکا لە عێراق سنووردار دەکرێت."

لە 18 ساڵی رابردوودا نزیکەی 140 هەزار سەربازی ئەمه‌ریکی هاتوونەتە عێراق، بۆ شەڕی رووخاندی رژێمی سەددام 130 هەزار سەرباز.

ساڵی 2011 و لەسەر داواکاری نوری مالکی، سەرۆك وەزیرانی ئەو کاتی عێراق باراك ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمه‌ریکا سەربازەکانی وڵاتەکەی کشاندەوە.

لە 2014 و لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش جارێکی دیکە عێراق داوای هاوکاری لە ئەمه‌ریکا کرد و نزیکەی 6 هەزار سەربازی ئەمه‌ریکی هاتنەوە عێراق.

ساڵی 2017 عێراق تێکشاندی داعشی راگەیاند و جارێکی دیکە دەرکردنی سوپای ئەمه‌ریکا هاتەوە بەرباس.

ژمارەی ئەو سەربازانە بۆ 2 هەزار 500 سەرباز کەمکرایەوە. ئێستاش رۆڵی ئەو سەربازانە لە کۆتایی ئەمساڵەوە دەگۆڕێت بۆ راوێژکار و راهێنەر، ئەمه‌ریکا چاوی لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەرە، دوای هەڵبژاردنەکان پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە ژمارەی سەربازەکان و سیاسەتی ئەمه‌ریکاش بەرامبەر عێراق گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

H.B