فوئاد حوسێن: پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا فراوانتر دەبێت

"پێویستە هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبێت"

K24 - واشنتن

وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەێنێت، پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا پەیوەندییەکی گرنگە و ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیش فراوانتر دەبن.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا بۆ هەردوولا گرنگە، پەیوەندییەکان هەر سەربازیی نەبووە، بەڵام لەمەودوا پەیوەندییەکان لە بوارەکانی دیکە فراوانتر دەبێت".

گوتیشی: "ئەمەریکییەکان گرنگی زۆر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدەن، چونکە دەزانن پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە دەبێتە هێزێک بۆ عێراق و زۆربەی کێشەکانی عێراق چارەسەر دەکات".

سەبارەت بە چالاکییەکانی داعش لە عێراق، فوئاد حوسێن گوتی: "راستە داعش چالاکی لە دەوروبەری کەرکووک و مووسڵ هەیە، پێویستە هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبێت، حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقیش لەو رووەوە گەیشتوونەتە رێکککەوتن کە چەند بنکەیەکی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بکرێت".