"چاکسازییەکان لە سێکتەری نەوت یەکێک بوو لە هۆکارەکانی نەمانی لێبڕینی مووچە"

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیاکاندا دەکات
کێڵگەی نەوتی
کێڵگەی نەوتی

K24 - هەولێر

نەوت سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتە بۆ هەرێمی کوردستان، چاکسازییەکان لەو سێکتەرەدا بەردەوامە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و نەهێشتنی گەندەڵی لەو سێکتەرەدا، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، پێداچوونەوەی کرد بە گرێبەستی کۆمپانیا ناوخۆییەکان، سەرئەنجام چەند بڕیارێکی گرنگیدا کە کاریگەری لەسەر باشتربوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان دروستکرد. ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وایکرد حکومەت بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بکات، چاکسازییەکانی سێکتەری نەوت بوو".

رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەستخۆشی لە کاک مەسرور بارزانی دەکەین، بۆ بڕیاری نەمانی لێبڕینی مووچە، کۆمەڵێک هۆکار هەن کە حکومەت بتوانێت مووچە بە بێ لێبڕین دابەش بکات، یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان، چاکسازییەکانی سەرۆکی حکومەت بوو لە سێکتەری وزە، پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیا خۆماڵییەکان کراوە، کە داهاتێکی باش دەچووە گیرفانی ئەو کۆمپانیایانە، بە پێداچوونەوە بە داهاتەکان ئەو داهاتە گەڕایەوە گەنجینەی حکومەت. ئومێد دەکەین پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیا بیانییەکانیش بکرێت".

ئێستا گشت ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوت دێتە لای وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەخرێتە خزمەتی خەڵک، وەک مووچە یان وەک خەرجکردن لە پڕۆژە خزمەتگووزارییەکان.

رامیار رزگار، پسپۆڕی ئابووری بە کوردستان24ی گوت: "بەشێک لە کارنامەی حکومەتی هەرێم لە کابینەی نۆیەم چاکسازی و شەفافیەتە لە کەرتی نەوت، پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیا ناوخۆییەکان جێبەجێکردنی بەشێکی گرنگی کارنامەکەیە".

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئایندەیەکی نزیکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەست دەکات بە پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیا بیانییەکانیش بە ئامانجی ئەوەی نەوت بخرێتە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان، نەک تەنیا کۆمپانیاکان بە تەنیا.