خه‌زعه‌لی: ئه‌مه‌ریكا زه‌مینه‌سازی بۆ هاتنی "مه‌هدی چاوه‌ڕوانكراو" ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مینداری بزووتنه‌وه‌ی عه‌سائیب، قه‌یس خه‌زعه‌لی رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا نیازی نییه له عێراق بچێته ده‌ره‌وه و به هێنانی كه‌شتیگه‌ل و چه‌كی پێشكه‌وتوو بۆ ئاوی كه‌نداو، زه‌مینه‌سازی بۆ ده‌ركه‌وتن و هاتنی مه‌هدی چاوه‌ڕوانكراو ده‌ڕه‌خسێنێت.
له وتارێكدا، كه به بۆنه‌ی جه‌ژنی "غه‌دیر"ی شیعه‌ئاینزاكان پێشكه‌شیكرد، خه‌زعه‌لی گوتی: ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت، ته‌نیا یاریكردنه به وشه و ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت عێراق به‌جێبهێڵێت و كاتێك باس له كشانه‌وه ده‌كه‌ن، درۆ و چه‌واشه‌كارییه.
هه‌روه‌ها گوتی: بابه‌تی چوونه ده‌ره‌وه‌ی هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك له سه‌ر زاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا گۆ نه‌كراوه.
هه‌روه‌ها گوتی: له به‌یاننامه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ئه‌مه‌ریكا روون نه‌كراوه‌ته‌وه، مه‌به‌ست له هێزی شه‌ڕكه‌ر چییه و كێ ده‌گرێته‌وه.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كشانه‌وه‌ی هێزی شه‌ڕكه‌ر روون نییه و ئایا سه‌ربازه شه‌ڕكه‌ره‌كان ده‌گرێته‌وه یان كێ و چی ده‌گرێته‌وه؟ له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، خه‌زعه‌لی گوتیشی: فڕۆكه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان به‌رده‌وام له ئاسمانی به‌غدا ده‌سووڕێنه‌وه و سه‌رقاڵی سیخوڕین.