ته‌ندروستی جیهان سه‌رهه‌ڵدانی چواره‌م شه‌پۆلی كۆرۆنای له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست راگه‌یاند

به‌هۆی زنجیره‌ی دێلتا، له‌ماوه‌ی ئه‌م 30 رۆژه‌دا‌ ژماره‌ی تووشبوون به‌ڕێژه‌ی 55% و ئاماری مردنیش به‌ڕێژه‌ی 15% زیادی كردووه‌
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان "WHO"
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان "WHO"

K24- هه‌ولێر:

نووسینگه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایگه‌یاند، زنجیره‌ی "دێلتا"ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌ته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی له‌ڕاده‌به‌ر له‌ ژماره‌ی تووشبووانی ئه‌و په‌تایه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا.

ئه‌حمه‌د مونزری، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی ناوبراو دووپاتیكرده‌وه‌، زۆربه‌ی ئه‌و تووشبووانه‌ی ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌، ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رنه‌گرتووه‌ و ئێستا ئاماژه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی چواره‌م شه‌پۆلی ئه‌و په‌تایه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بینین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌كۆی 22 وڵاتی سنووری نووسینگه‌كه‌یان، تووشبوون به‌ زنجیره‌ی دێلتای ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌ 15 وڵات تۆماركراون، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی له‌ڕاده‌به‌ر له‌ ژماره‌ی تووشبووان و مردووانی رۆژانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌.

به‌گوته‌ی ته‌ندروستی جیهان، له‌ماوه‌ی ئه‌م 30 رۆژه‌ی دواییدا، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ مانگی رابردوو ژماره‌ی تووشبوون له‌ ناوچه‌كه به‌ڕێژه‌ی 55% به‌رزبووه‌ته‌وه‌‌، ئاماری مردنیش به‌ رێژه‌ی 15% زیادی كردووه‌.

رێكخراوی ناوبراو ئاشكراشیكرد، له‌ ته‌واوی ئه‌و وڵاتانه‌ كێشه‌ی كه‌می بوتڵی ئۆكسجین و قه‌ره‌وێله‌ هه‌یه‌ و جه‌ختیشی كرده‌وه‌، خه‌ریكه‌ زنجیره‌ی دێلتا ده‌بێته‌ كۆپییه‌ هه‌ژموونداره‌كه‌ی كۆرۆنا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا.

سه‌رچاوه‌: ئینته‌رفاكس