وریای ته‌ندرووستی دڵت به‌

ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌م نیشانه‌ی هه‌بوو، ده‌بێت فریای خۆی بكه‌وێ
پێش ئه‌وه‌ی رووبكه‌یته‌ نه‌خۆشخانه‌ باشتره‌ ئاگاداری ته‌ندرووستی دڵت بیت
پێش ئه‌وه‌ی رووبكه‌یته‌ نه‌خۆشخانه‌ باشتره‌ ئاگاداری ته‌ندرووستی دڵت بیت

K24 – هه‌ولێر:

له‌ دیارترین نیشانه‌كانی جه‌ڵته‌ی دڵ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌سه‌كه‌ هه‌ست به‌ ئازارێكی توند و زۆر له‌ سینگیدا ده‌كات و هه‌ناسه‌ هه‌ڵكێشان و دانه‌وه‌ی قورس ده‌بێت و هه‌ست ده‌كات نه‌خۆشه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌م نیشانه‌ی هه‌بوو، ده‌بێت فریای خۆی بكه‌وێت.

هه‌ندێكجار نیشانه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌ و به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر پێست ده‌رده‌كه‌ون. ئه‌و نیشانانه‌ ئاسایی نین و كاتێك ده‌ركه‌وتن، پێویسته‌ زوو خۆت پیشانی پزیشكی تایبه‌تمه‌ند و به‌ ئه‌زموون و شاره‌زا بده‌یت.

هه‌ندێكجار نه‌خۆشییه‌كانی دڵ ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی شله‌مه‌نی زیاتر له‌ خواره‌وه‌ی جه‌سته‌ به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌ردوو قاچدا و خوار ئه‌ژنۆ به‌ تایبه‌تی كۆببێته‌وه‌. هه‌ندێك له‌ نه‌خۆشه‌كان خه‌تی شین و ئه‌رخه‌وانی به‌ درێژایی قاچ و قولیاندا ده‌رده‌كه‌ون، چونكه‌ ده‌ماره‌كانیان گیراوه‌ و كۆلیسترۆڵ له‌ خوێنیان زیادی كردووه‌.

سه‌نته‌ری فلۆریدا بۆ نه‌خۆشییه‌كانی پێست و شێرپه‌نجه‌ی پێست (FLDSCC)  رایگه‌یاند، ئه‌وانه‌ی گرفتاری نه‌خۆشی شه‌كره‌ن زۆرتر تووشی هه‌ڵگه‌ڕانی پێست و به‌ مۆم بوونی ده‌بن و پێستیان سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێت و له‌ كاتی ده‌ركه‌وتنی ئه‌م نیشانه‌یه‌ ئه‌وا ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ بۆ تووشبوونی كه‌سه‌كه‌ به‌ نه‌خۆشی دڵ.

هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر هێڵی سوور و ئه‌رخه‌وانی له‌ نینۆكه‌كانی ده‌ست و پێیدا ده‌ركه‌وت، واته‌ حاڵه‌تی نه‌خۆشیی دڵی كه‌سه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ راده‌یه‌كی مه‌ترسیدار.

به‌ گشتی نیشانه‌كانی جه‌ڵته‌ی دڵ، كه‌ زۆر باو و بڵاون، ئازاری سینگه‌، ئازاری قۆڵ و باسكه‌، له‌ ناكاو سه‌رگێژبوون و هه‌ستكردن به‌ هێڵنجدان.

ده‌كرێت به‌ گۆڕینی سیستمی خواردن و وه‌رزش كردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی شه‌كر و چه‌وری و خوێ و زیادكردنی میوه‌ و سه‌وزه‌ له‌ ژه‌مه‌كانی خواردندا رێگه‌ له‌ تووشبوون به‌ زۆرینه‌ی ره‌های نه‌خۆشییه‌كانی دڵ بگریت.

بۆ ئاگاداربوون له‌ هه‌واڵه‌كانی كوردستان24 سه‌بسكرایبی چه‌ناڵی كوردستان24 له‌ تێلیگرام بكه‌ن