ساڵانە رێژەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی هەڵەبجە دەکەن
K24 - ههولێر:
ساڵانە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە دەکریت، بەڵام سەرجەم داهاتەکە بۆ تاکە و حکومەت لێی سودمەند نابێت، ئابووریناسانیش پێیانوایە دەبێت حکومەت لە رێگهی وەرگرتنی باجەوە ناوچە گەشتیارییەکان بکاتە سەرچاوەی ئابووری بۆخۆی.
ساڵانە بەهۆی بۆنە تایبەتەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، گەشتیارێکی زۆری ناوەڕاست و خوارووی عێراق روو لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆنا و داخستنی دەروازە سنورییەکانەوە گەشتیارەکان تەنیا هی ناوخۆی عێراق بوو. لەگەڵ ئەمانەشدا گەشتیارێکی زۆر رووی لە ناوچە گەشتیارییەکان کرد، غەریب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە پێیوایە داهاتی گەشتیاریی تەنیا بۆ تاکە و حکومەت ناتوانێت سوود لە داهاتی گەشتیاری ببینێت.
لە زۆربەی وڵاتان کەرتی گەشتیاری سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی ئەو وڵاتەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێم لە رێگەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکە گەشتیارییەکان و ئاسانکاری بۆ گەشتیاران و دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ گەشتیاران وای کردووە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر روو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکات، سەرکۆ یونس، ئابووریناسیش پێی وایە دەبێت حکومەت لە رێگەی وەرگرتنی باجەوە هەوڵبدات کەرتی گەشتیاری بکات بەسەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆخۆی.
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار لەماوەی چوار رۆژی جەژن نزیکەی 250 هەزار گەشتیار روویان لە شارەکان و سەیرانگاکانی هەرێمی کوردستان کردووە و 90%ی گهشتیارهكانیش له شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقهوه هاتوون. کۆی داهاتی ئەو چەند رۆژەش نزیکەی 75 ملیۆن دۆلار بووە، لەو 250 هەزار گەشتیارەش زیاتر لە 90 هەزاریان بۆ سەیرانگاکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە هاتوون. ئابووریناسان پێیانوایە دەبێت حکومەتی هەرێم گرنگی زیاتر بەکەرتی گەشیاری بدات و بیکاتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات، بۆئەوەی بتوانێت لەو رێگەیەوە خزمەتی زیاتری هاووڵاتیانی پێبکات.
د.ی