سێ کورد خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق كاندید کرد

هەڵبژاردنی رابردووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق
هەڵبژاردنی رابردووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق

سێ کورد خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق كاندید کرد.

وادەی خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کۆتایی هات و سێ کورد خۆیان كاندید کردووە و رکابەریی لەسەر ئەندامێتی فیدراسیۆنەکە دەکەن.

کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە وادەی خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنەکانی فیدرایسۆنی تۆپی پێی عێراق کۆتایی هات، 27 کەس خۆیان بۆ ئەندامی فیدراسیۆنەکە بەربژێر کردووە کە 9 ئەندامی پیاو و ئەندامێکی خانم هەڵدەبژێردرێن، سێ کورد کێبڕکێ لەسەر نۆ کورسی ئەندامێتی فیدراسیۆنەکە دەکەن.

گۆڤەند عەبدولخاڵق، ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر و تەها زاخۆیی ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ و مەحموود ئەحمەد جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان خۆیان بۆ ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق كاندید کردووە.

عەدنان دەرجال و شەرار حەیدەر خۆیان بۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق كاندید کردووە، عەبدوڵڵا مەجید سەرۆکی یانەی هەولێر لە دوایین ساتەکان پاشەکشەی کرد، لەکاتێکدا پێشتر بەنیازبوو خۆی بۆ پۆستی یەکێک لە هەردوو جێگرەکە كاندید بکات.

عەلی جەبار بۆ جێگری یەکەم و یونس مەحموود بۆ جێگری دووەمی فیدراسیۆنەکە خۆیان كاندید کردووە و رکابەرییان لە هەڵبژاردنەکان نابێت، کە وابڕیارە رۆژی 14ی سێپتێمبەر لە بەغدا هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بکرێت.