قه‌زافی جارێكی دیكه له ده‌رگای لیبیا ده‌داته‌وه

K24- هه‌ولێر:
سه‌یفولئیسلام موعه‌مه‌ر قه‌زافی، كوڕی سه‌رۆكی پێشووی لیبیا به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز"ی ده‌ركه‌وته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دوای چه‌ندین ساڵ له ونبوونی بۆ یه‌كه‌مجار خۆی به ئاشكرا رابگه‌یه‌نێت، كه به‌گوته‌ی چاودێران، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئه‌و ده‌ركه‌وتنه‌ی كوڕه‌كه‌ی قه‌زافی كاریگه‌ری له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسیی وڵاته دروست بكات.
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه چه‌كداره‌ی له ساڵی 2011 له شاری زه‌نتان له باشووری رۆژئاوای ته‌رابلس سهفولئیسلامیان ده‌ستگیركرد و ره‌تیان كرده‌وه راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن، یان راده‌ستی دادگای نێوده‌وڵه‌تی بكه‌نه‌وه، له دادگاییكردنێكی كورتدا سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ریدا سه‌پاندبوو، له ساڵی 2017 رایانگه‌یاند، كه ناوبراویان ئازاد كردووه، به‌ڵام له‌ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌دا سه‌یفولئیسلام خۆی ون كردبوو.
له دیمانه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه سه‌یفولئیسلام جه‌ختی كرده‌وه، "دوای 10 ساڵ پشێوی له وڵاته‌كه‌ی، ئه‌و ده‌یه‌وێت یه‌كه ونبووه‌كه له لیبیا زیندوو بكاته‌وه"، گوتیشی: "ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی كاندید بكات".
به گوته‌ی چاودێران، ده‌كرێت ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی سه‌یفولئیسلام له‌و كات و ساته‌دا كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر دۆخی لیبیا هه‌بێت، چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی وڵاته‌كه‌ی، یان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی یان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی.
عه‌بدوڵڵا ئهلكهبیر، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی لیبی ده‌ڵێت: "لایه‌نگرانی رژێمی پێشوو تا ئێستاش له زۆر ناوچه‌ی وڵاته‌كه‌یان چالاكن، به‌تایبه‌ت له باشووری ئه‌و وڵاته"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی سه‌یفولئیسلام لاپه‌ڕه‌كانی دیمه‌نی سیاسی له لیبیا تێكه‌ڵ ده‌كاته‌وه و هه‌ندێك له‌و وڵاتانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دۆخی ناوخۆی لیبیا هه‌یه، هان ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخی ئه‌و وڵاته بكه‌نه‌وه".
ئهلكهبیر جه‌ختی كرده‌وه، دوای ده‌ركه‌وتنی یاریزانێكی نوێ له گۆڕه‌پانی سیاسی، دۆسیه‌ی سیاسی له لیبیا دووباره هه‌ندێك ئاڵۆزی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌شێك له لایه‌نگرانی كوڕه‌كه‌ی قه‌زافی تا ئێستا گومانیان له مردن و ژینی سه‌یفولئیسلام هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا جارێكی دیكه بهدهركهوتنهوهی دووباره هیوای ئه‌وه‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه دووباره بۆ ده‌سه‌ڵات بگه‌ڕێته‌وه.
ئه‌و دیمانه‌یه‌ی كوڕه‌كه‌ی قه‌زافی له‌كاتێكدایه، كه ماوه‌ی كه‌متر له 5 مانگ ماوه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی لیبیا، كه بڕیاره له 24ی دیسه‌مبه‌ری داهاتوو به‌ڕێوه‌بچن، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ره‌كانی چوونه ناو ركابه‌ری سیاسی بۆ سه‌یفولئیسلام به‌هێزتر ده‌كات.
ناسر جه‌باره، پسپۆڕی كاروباری لیبیا له‌و باوه‌ڕه‌دایه، "سه‌یفولئیسلام خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی زۆر فراوانه له ناوچه‌كانی باشوور و رۆژئاوای وڵاته‌كه‌ی، به‌تایبه‌ت هۆزه‌كانی ئه‌و ناوچانه".
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌باره ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "رێگه له‌به‌رده‌م كوڕه‌كه‌ی قه‌زافی زۆر ئاسان نابێت بۆ چوونه ناو پڕۆسه‌ی سیاسی".
هه‌روه‌ها گوتی، "هه‌ندێك له‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی خۆیان به كورسی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌ڵواسیوه، رێگه‌یه‌ك ده‌دۆزنه‌وه بۆ رێگریكردن له خۆكاندیدكردنی سه‌یفولئیسلام، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردن، به‌شێوه‌یه‌ك كه هێماكانی رژێمی پێشوو مافی ئه‌وه‌یان نه‌بێت خۆیان كاندید بكه‌ن".
به‌گوێره‌ی ئاژانسی رۆیته‌رز، هه‌ندێك وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌كی چاكسازیكار بۆ باوكی ده‌زانن و تا ئیستاش به كه‌سایه‌تییه‌كی كاریگه‌ر سه‌یری ده‌كه‌ن.
H.B