رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی ورده‌كاری له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی كازمی و بایدن ئاشكرا ده‌كات

K24- هه‌ولێر:
سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگه‌یاند، پەیوەندی ئەمه‌ریکا و عێراق پرسێکی عێراقییە و لەگەڵ دراوسێ و هاوپەیمانەکانمان روون و راشكاو دەبین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق.
له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامەی "فیلادێلفیا ئینکوایرێر"ی ئه‌مه‌ریكی، مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی: "دۆخی عێراق له هی ئه‌فغانستان جیاوازه، هێزه عێراقییه‌كان له‌میانه‌ی مه‌شق و راهێنانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و گه‌شه‌پێدانی توانا سه‌ربازییه‌كانی گه‌یشتوونه‌ته قۆناغێك، كه له‌توایانایدایه رۆلێكی ته‌واو بگێڕن".
رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه له‌سه‌ر زاری كازمی گێڕایه‌وه، كه عێراق هیواداره پاڵپشتی و هاوكاری زیاتری ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌ستبهێنێت.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، گفتوگۆی نێوان كازمی و جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا زیاتر فۆكه‌سی خستبووه سه‌ر شه‌راكه‌تێكی ستراتیژی دوورمه‌ودا، له‌وانه‌ش مه‌شقپێكردنی سه‌ربازی، ئاڵوگۆڕی زانیاری هه‌واڵگری و هاوكاری له زانست، ئابووری، فێركردن، پرسه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ژینگه. كازمی جه‌ختی كرده‌وه، "ئه‌مانه چه‌ند ئاماژه‌یه‌كن بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز بونیاد بنێن".
له‌وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ش كه ئه‌گه‌ر ئێران و گرووپه میلیشیاكان كێشه بۆ شه‌راكه‌تی عێراقی - ئه‌مه‌ریكی دروست بكه‌ن، عێراق چی ده‌كات؟ كازمی گوتی: "ئه‌وه پرسێكی ناوخۆی عێراقییه و له‌گه‌ڵ دۆست و دراوسێكانمان راشكاوانه ده‌بین، ئێمه كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق ده‌كه‌ین".
كازمی گوتیشی: "من سه‌رۆك وه‌زیرانێكی سه‌ربه‌خۆم. یاریزانه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت نوێنه‌رایه‌تی سیاسه‌تی عێراق ناكه‌ن"، كه به‌گوته‌ی رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه، "مه‌به‌ستی كازمی له‌و ده‌ربڕینه گرووپه میلیشیاكانه".
كازمی بۆ ئه‌و رۆژنامه‌یه جه‌ختی كرده‌وه، "ئه‌و هه‌نگاوی زۆر باشی له دژی میلیشیا و بكوژانی خۆپیشانده‌ران و چالاكوانان ناوه" و به ئاماژه‌دان به بكوژانی چالاكوان هیشام هاشمی گوتی: زیاتر له 150 كه‌س به گومانی تێوه‌گلانیان له كوشتنی خۆپیشانده‌ران ده‌ستگیركراون.
كازمی ئه‌و ره‌خنانه‌شی ره‌تكرده‌وه كه لێی ده‌گیرێن و داوای لێ ده‌كرێت له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه رووبه‌ڕووی گرووپه میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران ببێته‌وه. كازمی گوتی: "نامه‌وێت چیتر نه عێراق و نه خۆم له خوێنڕشتنی زیاتر تێوه بگلینم".
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش كه ئایا ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت وه‌ڵامێكی سه‌ربازیانه‌ی گرووپه میلیشیاكان بداته‌وه؟ كازمی گوتی: "نامه‌وێت عێراق بخرێته ناو هیچ جه‌نگێكه‌وه. به‌وه رازی نابم و ئه‌و داوایه‌شم لێ نه‌كراوه".
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دووپاتیكرده‌وه، بنه‌مای سه‌قامگیری بۆ به‌هێزكردنی ئابووری عێراق و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له رێگه‌ی هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاواوه ده‌بێت و گوتیشی: ئه‌و ده‌زانێت گه‌نجانی عێراقی توانای دانبه‌خۆداگرتنیان نه‌ماوه، به‌هۆی بێبه‌شبوونیان له خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و بیمه‌ی ته‌ندروستی، وێڕای بێكاری.
له‌باره‌ی بانگه‌شه‌ی گه‌نجانی عێراق بۆ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو كازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئه‌و داوا له گه‌نجانی عێراق ده‌كات بیر له بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌نه‌وه، چونكه چاره‌سه‌ر و گۆڕانكاری له‌ڕێگه‌ی به‌شداریكردن له پرۆسه‌ی سیاسییه‌وه ده‌كرێن و له ئه‌نجامی لاوازی له رێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن، هه‌مان ناوه كۆنه‌كانی پێشووی په‌رله‌مان ده‌داته‌وه ده‌ستمان و هیچ گۆڕانێك روونادات". كازمی دووپاتیكرده‌وه، "من له بێزاری گه‌نجان تێده‌گه‌م.. چاكسازی پێویستی به كاته".
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش كه ئایا بۆ ویلایه‌تی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران چاوی له پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانه یان نا، كازمی گوتی: "ئه‌گه‌ر كۆده‌نگی عێراقی له‌سه‌ر بێت، من ئه‌و رۆڵه وه‌رده‌گرم بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی وڵاته‌كه‌م بكه‌م".
له كۆتایی دیمانه‌كه‌دا رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه نووسیویه‌تی: "له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكادایه كه زۆر به سه‌رسه‌ختی هاوكاری كازمی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كاتێكی زیاتر به‌ده‌ست بهێنێت".
H.B