کەسوکاری ئەو خێزانەی لە تورکیا کۆمەڵکوژکران، سوپاسی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەکەن

پەیامی تایبەتیان لەسەر رووداوەکە بڵاوکردەوە و سەرەخۆشیان ئاراستەی کەسوکاری ئەو خێزانە کرد

K24 – ئەنقەرە

کەسوکاری ئەو خێزانە کوردەی لە تورکیا لەلایەن ژمارەیەک نەژادپەرست کۆمەڵکوژکران، سوپاسی هەڵوێستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کەسوکاری ئەو خێزانە کوردەی لە شاری کۆنیای تورکیا لەلایەن نەژادپەرستانەوە هێرشیان کرایە سەر و هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان کوشت، بە کوردستان24یان راگەیاند "سوپاسی هەڵوێستی مەسرور، بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە دوای رووداوەکە پەیامی تایبەتیان بڵاوکردەوە و وێڕای سەرەخۆشی، سەرکۆنەی تاوانەکەیان کرد و داوای بە سزا گەیاندنی تاوانبارانیان کرد".

دوای ئەوەی دوێنی لە شاری کۆنیای تورکیا هێرشکرایە سەر خێزانێکی کورد و هەر 7 ئەندامی خیزانەکە کوژران. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە په‌یامێكدا كه‌ له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویتەر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، نووسیویەتی: "زۆر نیگەرانم لەو هێرشەی کراوەتە سەر خێزانێكی کورد لە کۆنیا، سەرەخۆشی قووڵی حکومەتەکەم بە کەسوکاری قوربانیان دەگەیه‌نم، پێشبینی دەکەم ئه‌نجامده‌رانی هێرشەکە بە سزای خۆیان بگەن".

هەر لەسەر ئەو تاوانە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا نووسیویەتی "سەرکۆنەی هێرشی سەر خێزانێکی کورد لە تورکیا دەکەین، هاوخەمی کەسوکار و خۆشەویستانی هێرشەکەین. ئەوانەی بەرپرسیارن لەو تاوانە بێ هۆکارە، پێویستە دادگایی بکرێن".