سەرۆک بارزانی: ئەو تاوان و زوڵمەی دەرهەق بە بارزانییەكان و رۆڵەكانی تری گەلی كورد كرا لەبەر كوردبوون بوو

سەرۆک مەسعود بارزانی، لە یادی 38 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان پەیامێکی بڵاوکردەوە
سەرۆک مەسعود بارزانی
سەرۆک مەسعود بارزانی

K24 - هەولێر

سەرۆک مەسعود بارزانی، لە یادی 38 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەو تاوان و زوڵمەی دەرهەق بە بارزانییەكان و رۆڵەكانی تری گەلی كورد كرا لەبەر كوردبوون و ئازادیخوازییانەوە بوو و، ئامانجی دوژمنان ئەوە بوو كە ئیرادەی كوردایەتی و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان تێكبشكێنن. بەڵام ئیرادەی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان زۆر لە زەبروزەنگ و تۆقاندن و جینۆساید و ئەنفال بەهێزتر بوو".

لە پەیامی سەرۆک بارزانی هاتووە: "38 ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ ڕژێمی بەعس بە شێوەیەكی دڕندانە هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ ساڵ هەتا پیرەمێردی نەوەد ساڵان راپێچی بیابانەكانی باشووری عێراقی كردن و لەوێ دڕندانە كۆمەڵكوژی كردن. ئەو تاوانە ئەڵقەیەك بوو لەو زنجیرە ستەمكارییانەی بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و، كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە و دەڤەرەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستن و پەلاماری تیرۆریستان و تاوان لەدژی خوشك و برا ئێزدییەكانمان".

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی 38 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان:..

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ئەمڕۆ سی و هەشت ساڵ بەسەر تاوانێكی گەورەی ڕژێمی پێشووی عێراقدا تێدەپەڕێت. 38 ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ ڕژێمی بەعس بە شێوەیەكی دڕندانە هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ ساڵ هەتا پیرەمێردی نەوەد ساڵان ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراقی كردن و لەوێ دڕندانە كۆمەڵكوژی كردن. ئەو تاوانە ئەڵقەیەك بوو لەو زنجیرە ستەمكارییانەی بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و، كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە و دەڤەرەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستن و پەلاماری تیرۆریستان و تاوان لەدژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان.

لەیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا بەپێویستی دەزانم سوپاسی جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران بكەم كە لە ڕۆژگارە تاریكەكاندا كوردانە و مەردانە هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانیانە دەكەم كە ساڵانێكی دوورودرێژ تەحەمولی چاوەڕوانی و ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان كردووە و، بوونە نموونەی خۆڕاگری و قارەمانێتی و، سەربەرزانە ڕۆڵەكانیان لەسەر ئەخلاقی باڵا و كوردایەتی و ڕێبازی بارزانی پەروەردە كرد و پێگەیاند.

ئەو تاوان و زوڵمەی دەرهەق بارزانییەكان و ڕۆڵەكانی تری گەلی كورد كرا لەبەر كوردبوون و ئازادیخوازییانەوە بوو و، ئامانجی دوژمنان ئەوە بوو كە ئیرادەی كوردایەتی و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان تێكبشكێنن. بەڵام ئیرادەی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان زۆر لە زەبروزەنگ و تۆقاندن و جینۆساید و ئەنفال بەهێزتر بوو و، سەرئەنجام ئەو ئیرادە بەرزە سەركەوت و دوژمنانیش شكست و سەرشۆڕییان بۆ مایەوە. ئەمە دەبێ ببێتە دەرسی عیبرەت بۆ نەیارانی گەلی كوردستان كە لەبەرانبەر میللەتی مەزلوومی كورد دەستبەرداری عەقڵیەتی نكۆڵیكاری و شۆڤینیەت بن.

مسعود بارزانی

٣١ـی تەمموزی ٢٠٢١