برایه‌كی "ئوسامه بن لادن" خانووه‌كه‌ی له ئه‌مه‌ریكا ده‌فرۆشێت
K24 - هه‌ولێر:
هه‌رچه‌نده له هێرشه‌كه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه له ئه‌مه‌ریكا نییه، به‌ڵام ئیبراهیم بن لادن برای "ئوسامه بن لادن"، سه‌رۆكی رێخكراوی "قاعیده" بڕیاری داوه خانووه‌كه‌ی له لۆس ئه‌نجلس بفرۆشێت.
ئیبراهیم بن لادن پێشتر له زانكۆی باشووری كالیفۆڕنیا قوتابی بووه، هه‌رچه‌نده له ژیاندیدا كاری نه‌كردووه، به‌ڵام له ساڵی 1983 ئه‌و خانووه‌ی له ناوچه‌ی "بیل ئیر" به 2 ملیۆن دۆلار كڕێوه، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری پێشووی "كرستین هارتونیان سینای" له‌و خانووه‌دا ژیاوه، ئێستاش بڕیاریداوه به 28 ملیۆن دۆلار بیفرۆشێت.
خاوه‌نی ئه‌م خانووه، ئیبراهیم بن لادن-ه، زڕبرای ئوسامه بن لادن-ه و كوڕی بارزگانی سعودی "محه‌مه‌د بن عه‌وز بن لادن"ـه، كه زیاتر له 50 كوڕ و كچی هه‌یه و 22 ژنیشی هه‌بووه.
ئه‌و كاته‌ی ئیبراهیم بن لادن و هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌و خانووه‌دا ده‌ژیان، پاسه‌وان و یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌بردنی ماڵه‌كه و دوو شوفێر و پا‌سه‌وانی ئه‌منی له خانووه‌كه‌دا دامه‌زراندووه، دوو ئۆتۆمبێلیشی له جۆری "رۆلز رۆیس" و "لامبۆرگینی" له خانووه‌كه‌دا راگرتبوو.
ئیبراهیم بن لادن، له سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له سینای هاوسه‌ری جیابووه‌وه، به‌ڵام بن لادن هه‌ر له "بیل ئیر" ده‌ژیا تاساڵی 2001، كاته‌كانی له‌نێوان لۆس ئه‌نجلس و جیده دابه‌شكردبوو.
له‌كاتی هێرشه تیرۆریستییه‌كه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ر، ئیبراهیم بن لادن له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بووه، ئه‌وكات بڕیاریدا جارێكی دیكه نه‌چێته‌وه ئه‌مه‌ریكا، به‌هۆی ناوه‌كه‌یه‌وه، كه پاشگری بن لادنی پێوه‌یه، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه له ئه‌مه‌ریكا كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر بكرێت.
ماڵپه‌ڕی "mercurynews" بڵاویكرده‌وه، دوای رووداوه‌كه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ر ئبیراهیم بن لادن خانووه‌كه‌ی ماوه‌یه‌ك به‌چۆڵی هێشته‌وه، دواتر ماوه ماوه بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلم به‌كرێدراوه، تا ساڵی 2010 خانووه‌كه وه‌ك شوێنی تۆماركردنی فیلیمی سێكسی "پۆرنۆ" به‌كارهێنرا.
د.ی