تووشبوانی كۆرۆنا له‌ ئامێری پێوانه‌كردنی ئۆكسجین ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌

ره‌نگی پێست كاریگه‌ری له‌سه‌ر درووستی خوێندنه‌وه‌ی‌ ئامێری پێوانه‌كردنی ئۆكسجین هه‌یه‌
ئامێری پێوانه‌كردنی ئاستی ئۆكسجین له‌ خوێن
ئامێری پێوانه‌كردنی ئاستی ئۆكسجین له‌ خوێن

K24 - هه‌ولێر:

خزمه‌تگوزاری چاودێری ته‌ندروستی له‌ به‌ریتانیا هۆشداری دا له‌ به‌كارهێنانی ئامێری پێوانه‌كردنی ئاستی ئۆكسجین له‌لایه‌ن تووشبوانی كۆرۆناوه‌ كه‌ له‌ ماڵه‌وه به‌كارده‌هێنرێن‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، كه‌ ئامێره‌كه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ره‌نگی پێستیان تۆخه‌ به‌ هه‌ڵه‌ خێندنه‌وه‌ بۆ ئاستی ئۆكسجین ده‌كات.

پسپۆڕان هۆشداری له‌ به‌كارهێنانی ئامێری پێوانه‌كردنی ئاستی ئۆكسجین له‌ خوێن ده‌ده‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن تووشبوانی كۆرۆنا له‌ ماڵه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی ره‌نگی پێستیان ئه‌سمه‌ره‌ یان ره‌شه‌، ئامێره‌كه‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ بۆ ئاستی ئۆكسجینیان ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بگه‌یه‌ندرێنه‌ نه‌خۆشخانه‌، به‌هۆی هه‌ڵه‌خوێندنه‌وه‌ ئامێره‌كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان درووست ده‌بێت.

ده‌سته‌ی خزمه‌تگوزاری نیشتمانی له‌ به‌ریتانیا، خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ پێشكه‌شده‌كات، كه‌ تووشبووی كۆرۆنان و ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووی 65 ساڵییه‌وه‌یه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه‌.

ده‌سته‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "به‌گوێره‌ی چه‌ند راپۆرتێك ئامێری پێوانه‌كردنی ئاستی ئۆكسجین له‌ خوێن كه‌متر وردن له‌ خوێنده‌وه‌، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ره‌نگی پێستیان تۆخه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاستێكی به‌رزتری ئۆكسجین ده‌خوێننه‌وه‌".

ئامێره‌كه‌ له‌سه‌ری په‌نجه‌ ده‌به‌سترێت، له‌ رێگه‌ی تیشكه‌وه‌ له‌سه‌ر پێست پێوانه‌ی ئاستی ئۆكسجین له‌ ناو خوێن ده‌كات، ره‌نگی پێستی كاریگه‌ری له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌كه‌ هه‌یه‌.

به‌گوێره‌ی رێنماییه‌ نوێیه‌كان، هۆشداری تووشبوانی كۆرۆنا ده‌درێت، كه‌ ره‌نگی پێستیان ئه‌سمه‌ره‌ یان ره‌شه‌، پێویسته‌ له‌ ماڵه‌وه‌ پشت به‌ ئامێری پێوانه‌كردنی ئاستی ئۆكسجین نه‌به‌ستن و بهێنرێنه‌ نه‌خۆشخانه‌.

به‌پێی ئاماری تووشبوانی كۆرۆنا له‌ به‌ریتانیا، پێكهاته‌ جیاوازه‌كان زیاتر زه‌ره‌رمه‌ندی كۆرۆنا بوون، به‌ تایبه‌تی ئه‌فریقییه‌ ره‌سپێسته‌كان و به‌نگلادشییه‌كان، كه‌ به‌رزترین رێژه‌ی مردنیان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێكهێناوه‌.

 

د.ی