چەکی ئەتۆمی واشنتن و مۆسکۆ لێکنزیک دەکاتەوە

گرژییەکانی نێوان کرێمل و کۆشکی سپی هێوردەبنەوە
kurdistan24.net

K24 - مۆسکۆ

پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن رووسیا و ئەمەریکاوە، بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی جیهان، بەڵام دوای کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتین و جۆو بایدن لە 16ی حوزەیرانی رابردوو، بەستەڵەکی نێوان مۆسکۆ و واشنتن توایەوە  و رۆژ دوای رۆژ ناکۆکیی و گرژییەکانی کرێمل و کۆشکی سپی هێوردەبنەوە، جێگرانی وەزیری دەرەوەی رووسیا و ئەمەریکا لە ژنێڤ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی کۆبوونەوە، لە مۆسکۆ شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، تاوتوێی گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانی تایبەت بە سنوردارکردنی چەکی ئەتۆمی دەکەن.

دمتری ستیپانۆڤیچ، شارەزا لە ئەنجومەنی رووسیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێمە خۆشحاڵین کە گفتوگۆی چەکی ستراتیژی دەستیپێکردەوە، لێدوانی فەرمی یەکەمی  هەردوولا سەرکەوتوانە وەسفیان کردووە، رووسیا و ئەمەریکا ئامادەن و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دەدەن، پرۆسەکە درێژخایەن و فرەلایەنە، بۆیە بەزوویی ئەنجامەکان دەرناکەون، بەڵام هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن کە دواجار چارەسەر دەبینرێتەوە، دیارە هەردوولا دەیانەوێت وەبەرهێنانی چەکی ئەتۆم سنورداربکرێت و کەم بکرێتەوە، ئەم دوو وڵاتە جبەخانەی چەکی ئەتۆمییان دەوڵەمەندە و هەنگاو بەرەو نوێکردنەوەیان دەنێن، من پێموایە تا رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆم پێویستە گەشەدان پێی نەوەستێت،  بۆ ئەوەی نەوەی نوێ پارێزراوبن".

مامۆستایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆی مگیمۆ پێی وایە، گفتوگۆی ئەمجارە گرنگتر و فراوانترە، بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو.

ئەندرێی باکلیتسکی، مامۆستای زانکۆی مگیمۆ دەڵێ: "ئەم گفتوگۆیانە پاش دابڕانێکی زۆر دێت، یەکەم گەڕی دانیشتنی شاندی ئەمeریکا و رووسیا مایەی دڵخۆشییە، بەڵام جارێ هیچ لێکەوتێکی مەیدانییان بە دوای خۆیاندا نەهێناوە، ئەم دانیشتنە گەرەنتی هیچ شتێکی گرنگ نادات، بەوپێیەی پرس گەلێک کەڵەکەبوون و کاری ئەو لیژنانە ئاڵۆزو درێژخایەنە، ئێمە ئێستا لە سەرەتای ئەو پرۆسەداین، پێشبینیکردنی ئەوەی چ ئاکامێکی دەبێت دژوار و ئەستەمە، ئەم قۆناغەی گفتوگۆکان بەرفراوانترە لە پڕۆسەی نیو-ستارت لە 2010، ئەوکات پرسی مووشەکی مەودا کورت و مامناوەند گەنگەشەیان لەبارەوە دەکرا".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستا باس لە بۆشایی ئاسمان و سیستمی دژەموشەک و موشەکی ستراتیژی و مەودا دوور دەکرێت، ئەم فۆرمەی ئیشکردن پتر لە ساڵانی هەشتا و سەردەمی سۆڤێت لەگەڵ ئەمەریکا باسکراون و چارەسەر کراون، بەوپێیەی ئێستای رووسیا جیاوازە لە سەرەتاکانی دووهەزار و چەکی پێشکەوتوو گفتوگۆ دەکرێن و لە پانتایی فراوانتردا گفتوگۆکان بەڕێوە دەچن، ئەوەی ئێستا گفتوگۆ دەکرێت گەلێک گرنگتر و فراوانترە بەراورد بە ساڵانی 2010 و پاشتر".

ناکۆکی و ململانێی نێوان رووسیا و ئەمەریکا مێژووییەکی دووری هەیە و تا دەهات گرژییەکانی نێوانیان دژواتر دەبوو، بەڵام دواجار بەستەڵەکی نێوانیان توایەوە و شاندەکانیان کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ستراتیژی، بەڵام ئاخۆ کرێمل و کۆشکی سپی دەگەن بە ئەنجامێکی ئەرێنی؟، ئەمەیان ئەو پرسیارەیە کە تەنها داهاتوو وەڵامدەرەوە دەبێت.