ماوەی لێدانی كارتی زانیاری و لۆگۆ و لەزگەی تەكسی درێژکرایەوە

راگەیەنراوێك لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن
تاکسی
تاکسی

K24 – هەولێر

ماوەی لێدانی كارتی زانیاری و لۆگۆ و لەزگەی تەكسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ درێژکرایەوە و دوای ئەو وادەیە هەر شوفێرێک پابەند نەبووبێت، بە پێبژاردنی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "لەسەر بنچینەی كۆنووسی نێوان هەردوو وەزارەت (وەزارەتی ناوخۆ ووەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن)  لە بەرواری (16/3/2021)  و دوابەدوای نوسراوی ژمارە ( 2106)ی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە رێكەوتی 29/7/2021  كە ئاراستەی  وەزارەتی ناخۆ كراوە بۆ مەبەستی پێشنیاركردن لەبارەی درێژكرنەوە ماوەی لێدانی كارتی زانیاری و  لۆگۆ و لەزگەی تەكسی لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا رێژەیەكی زۆر تەكسی ماون لەو پڕۆژەیە سوودمەند بن و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش لەبەر بەرژەوەندی گشتی پێشنیاری درێژكرنەوەی ماوەی سێ مانگی كردووە بۆ لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تەكسی، واتا تا بەرواری 1/11/2021  بەردەوام دەبێت".

روونکراوەتەوە: "دوای ئەو وادەیە داواكراوە لە وەزارەتی ناوخۆ لە رێگەی بەرێوەبەرایەتیەكانی هاتووچۆی پارێزگاكان دەست بكەن بە رێككارەكان و لێپێچینەوە لەگەڵ شوفێری سەرپێچیكار ئەنجام بدرێت و بە پێ بژاردنی (500) هەزار دینار سزا بدرێن، بۆ هەر مانگێك دواكەوتن (500) هەزار زیاد بكرێت لەپێناو بە پیشەکردنی کاری شوفێری تەکسی و پاراستنی بەرژەوەندی هاووڵاتیان و شۆفیرانی تەکسی وجێبەجێ کردنی یاسا ورێنماییەکان، بڕیار لەسەر ئەم پێشنیارانە دەدرێ لە دوای کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی هەردوو وەزارەت".