لیژنه‌ی دارایی عێراق: به‌گوێره‌ی یاسا به‌م نزیكانه به‌غدا 200 ملیار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌نێرێت

K24- هه‌ولێر:
لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایكرد، به‌گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌وه‌ی له نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدا واژوو كراوه، به‌م نزیكانه حكه‌مه‌تی به‌غدا 200 ملیار دیناری دیكه بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه ده‌كات.
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، شێروان میرزا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی: به‌گوێره‌ی یاسای بودجه و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له نێوان لیژنه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا كراوه، له ماوه‌یه‌كی نزیكدا حكومه‌تی به‌غدا ئه‌و بڕه پاره‌یه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و رێككه‌وتنه، پێویسته تا وردبینی له داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو ده‌بێت، حكومه‌تی عێراق ئه‌و بڕه پاره‌یه به‌شێوه‌ی مانگانه بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه بكات، كه پرۆسه‌ی وردبینیكردنه‌كه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هاوبه‌شی دیوانه‌كانی چاودێری دارایی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ ئه‌نجام ده‌درێت.
مانگی رابردووش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتنی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌بێ لێبڕین دابه‌ش بكرێت.
پێشتریش مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر به‌غدا له جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌رده‌وام بێت و مانگانه ئه‌و 200 ملیار دیناره ره‌وانه بكات، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان مانگانه له كاتی خۆیدا و به‌بێ لێبڕین دابه‌ش ده‌كرێت.
H.B