گوتەبێژی حکومەتی عێراق باسی ناردنی 200 ملیار دیناری دیکەی هەرێمی کوردستان دەکات

"لە ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری لەسەر دراوە"
حەسەن نازم، گوتەبێژی حکومەتی عێراق
حەسەن نازم، گوتەبێژی حکومەتی عێراق

K24 - بەغدا

گوتەبێژی حکومەتی عێراق، جەختدەکاتەوە، لە ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیار لەسەر ناردنی 200 ملیار دینار  بۆ هەرێمی کوردستان دراوە. چەند بابەتێکی تەکنیکی هەیە بۆ وەرگرتنی لە وەزارەتی دارایی، ئەوانەش بۆ مانگەکانی دیکە چارەسەر دەکرێن.

حەسەن نازم، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە بە کۆی دەنگ، هەندێک رێکاری تەکنیکی ماوە لە چۆنیەتی وەرگرتن لە وەزارەتی دارایی ، گرنگ ئەوەیە دەنگی لەسەر دراوەو، جێگیرکراوە، پشتیوان بەخوا مانگەکانی داهاتووش کێشە نابێت،و رەوانەی دەکەین".

بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، تا تەواوبوونی پرۆسەی وردبینی لە داهات و پشکی هەرێم، دەبێ مانگانە بەغدا 200 ملیار دینار وەک سلفە بۆ هەولێر رەوانە بکات.