داهاتی یەک مانگی نەوتی عێراق زیاتر لە 6 ملیار دۆلارە

لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ 90 ملیۆن و 467 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە

K24 - هەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای دەکات، داهاتی نەوتی مانگی رابردوو زیاتر لە شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردەوە، داهاتی نەوتی مانگی رابردووی عێراق 6 ملیار و 513 ملیۆن دۆلار بووە، و 90 ملیۆن و 467 هەزار بەرمیل نەوتی خاویان لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) فرۆشتووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 918 هەزار بەرمیل، هەر بەرمیلێکیش بە  تێکڕا بە 72 دۆلار فرۆشراوە.

مانگی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، بەپێی ئامارە کۆتاییەکانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) لە مانگی شەشی 2021دا 86 ملیۆن و 765 هەزار و 589 بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووەو، داهاتەکەشی گەیشتووەتە شەش ملیار و 143 ملیۆن و 106 هەزار دۆلار.