مەشق بە دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکرێت

"راستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان سەرپەرشتی دەکرێن"
مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگە - ئەرشیف
مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگە - ئەرشیف

K24 – بەغدا

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوام بۆ پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە سەرەتاشدا مەشق و راهێنان بەو دوو لیوایە دەکرێت.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند: "هەوڵەکان بۆ پێکهێانی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوامە، بۆ ئەوەی لە ماوەی نزیکدا بتوانرێت دەستبەکاربن و ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکەنەوە کە چەکدارانی داعش چالاکی تێدا ئەنجام دەدەن".

گوتیشی: "لە سەرەتادا دەبێ ئەو دوو لیوایە مەشقی تایبەتیان پێدەکرێت، دوای تەواوبوونی مەشقەکان شوێنی جێگیربوونیان بۆ دیاری دەکرێت، بەتایبەتی لە سنووری کەرکووک و تکریت و خانەقین جێگیر دەکرێن".

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، جەختیکردەوە: "پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان، کارەکەیان تەنها رووبەڕووبوونەوەی داعش نییە، بەڵکو کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان، لە هەر شوێنێک پێویست بێت هێزەکانی ئەو دوو لیوایە لەوێ جێگیر دەبن. ئێستا لەلایەن ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە کار لەسەر پێکهینانی ئەو دوو لیوایە دەکرێت، ئومێد دەکەم لە ماوەیەکی نزیکدا پێکبهێنرێن، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکەنەوە کە چەکدارانی داعش چالاکی تێدا دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو دوو لیوایە راستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان سەرپەرشتی دەکرێن، بڕیاریشە پڕ چەک کردنی ئەو دوو لیوایە هەر لەلایەن هاوپەیمانانەوە بێت".

راشیگەیاند: "هێزەکانی عێراق گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ناتوانن بە تەنیا ئەو ناوچانە بپارێزن، داعش و گرووپە چەکدارەکان تێیدا چالاکن، کە هەندێک جار هەولێریش دەکەنە ئامانج".