ئوسامه بن لادن ئه‌گه‌ر ئامێرێكی جل وشككه‌ره‌وه‌ی هه‌بوایه؛ نه‌ده‌دۆزرایه‌وه

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
سبه‌ی سێشه‌ممه (3ی ئاب/ ئۆگستی 2021)، كتێبێكی دیكه له باره‌ی ژیانی نهێنی ئوسامه بن لادن، رێبه‌ری پێشووی رێكخراوی ئه‌لقاعیده بڵاوده‌كرێته‌وه.
كتێبه‌كه له لایه‌ن "پیته‌ر بریگن" نووسراوه و زۆر لایه‌نی ژیانی بن لادنی خستووه‌ته‌ڕوو.
له كتێبه‌كه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار باس له‌وه كراوه، ئه‌گه‌ر هاوسه‌ره گه‌نجه‌كه‌ی ئوسامه بن لادن نه‌بوایه، هه‌رگیز شوێنی ناوبراو ئاشكرا نه‌ده‌بوو.
كتێبه‌كه به ناونیشانی "سه‌ركه‌وتن و كه‌وتنی ئوسامه بن لادن" به زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوده‌كرێته‌وه.
نووسه‌ر پێداچوونه‌وه‌یه‌كی به هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی پێشووی خۆیدا كردووه، سه‌باره‌ت به‌و كه‌سه‌ی، هانی ئه‌مه‌ریكای دا بچێته شه‌ڕێكی درێژه‌وه له‌گه‌ڵ رێكخراوی ئه‌لقاعیده.
بریگن باسی له ژیانی ئوسامه بن لادن، كردووه، چ وه‌ك كه‌سێكی خێزاندار و چ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی گۆڕه‌پانی جه‌نگ.
له كتێبه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه،ئوسامه هه‌رچه‌ند ملیاردێر بووه، به‌ڵام به هه‌ژاری له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی ده‌ژیا.
نووسه‌ر باسی له‌وه‌شكردووه، ئوسامه وه‌ك هه‌ژارێكی وڵاته‌كه‌ی، عاشقی هاوسه‌ر و منداڵه‌كه‌ی بوو، زۆریش پشتی به دووان له هاوسه‌ره‌كانی ده‌به‌ست، كه هه‌ردووكیان بڕوانامه‌ی دكتۆرایان هه‌بوو، هاوكات هه‌ر خۆی بووه هۆی وێرانبوونی خێزانه‌كه‌ی و كوژرانی خه‌ڵكێكی زۆر به ناوی ئاینه‌وه.

به گوێره‌ی راپۆرتێكی كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی فۆكس نیوزی ئه‌مه‌ریكایی، بریگن رای وایه، ئوسامه پێی سه‌یر بووه، خه‌ڵك به یه‌ك هاوسه‌ر رازی بێت، به ته‌نزه‌وه وتویه‌تی: "ئه‌گه‌ر چوار هاوسه‌رت هه‌بێت، هه‌میشه زاواییت".
له كتێبه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه، ئوسامه له‌گه‌ڵ باوكی له‌وه‌دا ناكۆك بوو، كه فره‌ژنی له چوار زیاتر نه‌بێت، به‌ڵام باوكی پێنج ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی له ئایندا رێگه‌ی پێ‌درابوو، هاوسه‌ری هه‌بوو.
محه‌مه‌د بن لادن، هاووڵاتییه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی یه‌مه‌ن بوو، ئوسامه یه‌كێكه له 54ه‌مین منداڵی ئه‌و باوكه و له 1957 له‌دایكبووه و دایكی ناوی عالیه خانم بووه و یه‌كێك بووه له 20 هاوسه‌ره‌كه‌ی باوكی ئوسامه.
عالیه تا ته‌مه‌نی بووه‌ته 40 ساڵ، له‌گه‌ڵ باوكی ئوسامه ژیاوه، دواتر له‌یه‌ك جیابوونه‌ته‌وه. بریگن ده‌ڵێت: عالیه به ئوسامه‌ی كوڕی وتووه، هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ باوكی ئوسامه به پێی ئاین نه‌بووه.
ئوسامه رای وابووه، باوكی به هه‌ڵه ئه‌و رێگه‌پێدانه‌ی ئاینی بۆ فره‌ژنی به‌كارهێناوه.
به رای نووسه‌ره‌كه، ئوسامه بن لادن بڕوای به‌وه هه‌بووه، بۆ ئه‌وه‌ی موسڵمانێكی راسته‌قینه بیت، پێویسته چوار هاوسه‌رت هه‌بێت و به یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌یت.

ئوسامه بن لادن، دوای چه‌ند ساڵێك له راوه‌دوونانی له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاییه‌كانه‌وه له خانوویه‌كی شاری ئابوت ئابادی پاكستان و له رۆژی (2ی ئایار/ مایۆی 2011)، كوژرا.
ئوسامه، پێنج ساڵ بوو خۆی حه‌شار دابوو، خۆی و سێ له هاوسه‌ره‌كانی و منداڵه‌كانیان له ژێرزه‌مینێكی نهێنیدا، كه به دیواری به‌رزی تایبه‌ت ده‌وره درابوو، ده‌ژیان.
شوێنی خۆحه‌شاردانی نزیك بوو له بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی و ژیانێكی ساده‌ی هه‌بوو و ئه‌و ماڵه‌ی تێیدا بوو، هێڵی ته‌له‌فۆن و ئینته‌رنێتی نه‌بوو، ئه‌مه‌ش وایكردبوو، كه‌س گومانی له‌و شوێنه نه‌بێت.
له كتێبه‌كه‌دا هاتووه: ئوسامه سه‌ره‌ڕای ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كه‌ی و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی رێكخراوێكی قه‌ده‌غه‌كراوی جیهانی بوو، هیچ ئامێرێكی جلشووشتن له ماڵه‌كه‌یدا نه‌بوو، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای ئاشكرابوونی بوو.
سه‌ره‌تای ئاشكرابوونه‌كه‌ی ئه‌و كاته بوو، كه ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك جلوبه‌رگی سپی به ته‌نافێكه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه هه‌ڵواسراوون و كاتێك وێنه‌كان ره‌وانه ده‌كرێن بۆ به‌ڕێوبه‌ری پێشووی سی ئایی ئه‌ی، لیۆن پانیتا، گومانی بۆ درووست بووبوو.

كاتێك رووداوه‌كانی 11ی سێپتێمبه‌ر روویاندا، ئوسامه ته‌مه‌نی 44 ساڵ بوو، سێ هاوسه‌ری هه‌بوو، كه ئه‌وانیش خه‌یرییه سه‌بار (42 ساڵ)، پسپۆڕی ده‌روونی منداڵان و سهام شه‌ریف (44 ساڵ)، كه شاعیر بووه و دكتۆرانی له رێزمانی عه‌ره‌بی و قورئاندا هه‌بوو، نووسه‌ری وتاره‌كانی ئوسامه بوون.
هاوسه‌ری سێیه‌می ئه‌مه‌ل ئه‌لسه‌دا بووه، كه له هه‌ردوو هاوسه‌ره‌كه‌ی پێشووی گه‌نجتر بووه و ده‌وترێت ته‌مه‌نی 17 ساڵ بووه و خه‌ڵكی گوندێكی دووره ده‌ستی یه‌مه‌ن بووه.
نووسه‌ری كتێبه‌كه باسی له‌وه‌كردووه، ماوه‌ی ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك جلوبه‌رگی ژنان و كراسی پیاوان و به‌رگی منداڵان به ته‌نافێكه‌وه بینراوه.
ماوه‌یه‌ك هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا ته‌نافه‌كه ده‌خاته ژێر چاودێرییه‌وه و گریمانه‌ی ئه‌وه دانرا، كه به جلوبه‌رگه‌كانه‌وه دیاره 3 ژنی پێگه‌یشتوو و نزیكه‌ی 9 منداڵ له‌و شوێنه ده‌ژین، هه‌رچه‌نده هیچ كه‌سێكیان نه‌بینراوون، ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ی ژیانی ئوسامه بوو، كه ئه‌مه‌ریكا به شوێنی‌دا ده‌گه‌ڕا.
به‌ڕێوبه‌ری پێشووی سی ئایی ئه‌ی، به نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ی وتووه، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌بوو، كه ئه‌وه‌ی له‌وێیه ئوسامه‌یه، به‌ڵام جله‌كان به‌س بوون بۆ ئه‌وه‌ی بڕوا بكرێـت له‌وێ كۆمه‌ڵێك كه‌س ده‌ژین و نایانه‌وێت ده‌ربكه‌ون.
یه‌كێك له‌وانه‌ی داواكراوبوون، ئیبراهیم سه‌عید ئه‌حمه‌د عه‌بدولحه‌میدی پاسه‌وانی تایبه‌تی ئوسامه بوو، كه كاری كڕین و فرۆشتنی زه‌وی ده‌كرد و وه‌ك ئه‌ندازیارێك ئه‌و خانووه‌ی درووست كردبوو.
تێچووی درووستكردنی خانووه‌كه 50 هه‌زار دۆلار بووه، به‌ناوی ئیبراهیمه‌وه كراوه.
خانووه‌كه سێ نهۆم بووه و 4 ژووری نووستن له نهۆمی یه‌كه‌م و دووه‌م هه‌بوون و له نهۆمی سێیه‌میش ژوورێكی نووستن و گه‌رماوێك و ژوورێكی خوێندنه‌وه‌ی تێدابووه.
له سه‌ره‌تای 2005دا خێزان و منداڵه‌كان گوازراونه‌ته‌وه بۆ خانووه‌كه و ئیبراهیم وه‌ك فرۆشیاری خانووبه‌ره ده‌ركه‌وتووه و برایه‌كی و هاوسه‌ره‌كه‌ی هاتوچۆیان كردووه.
ئه‌مه‌لی هاوسه‌ری ئوسامه دووجار سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی كردووه به ناسنامه‌ی ساخته‌وه.
له 2010 سی ئایی ئه‌ی، زانیاریان ده‌ستكه‌وت، كه كه‌سێكیان بینیوه، هاوشێوه‌ی ئیبراهیم بووه و له پیشاوه‌ری پاكستان بووه.
دوای ماوه‌یه‌ك شوێنپێی ئیبراهیم هه‌ڵده‌گیرێت و له مانگی ئاب تا تشرینی یه‌كه‌می 2010 به‌رده‌وام چاودێری جلوبه‌رگه‌كان ده‌كرێت، كه رۆژانه له لایه‌ن ژنێكه‌وه هه‌ڵده‌واسرێن و گریمانه ده‌كرێت هاوسه‌ره بچووكه‌كه‌ی ئوسامه بێت.
له خانووه‌كه‌دا دره‌ختی به‌ردار و سه‌وزه و میوه چێندراوون و هه‌نگوینیش به‌رهه‌م هێنراوه و مریشك و مه‌ڕوماڵات به‌خێوكراون و زبڵ و خاشاكیش له‌وێ سووتێنراوه.
رۆژی (24ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2010) سی ئایی ئه‌ی هه‌موو به‌ڵگه‌كان ده‌نێرێت بۆ باراك ئۆبامای سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا.
له (1ی ئایار/ مایۆی 2011)، دوای ره‌زامه‌ندی ئۆباما، هێرشكرایه سه‌ر ئه‌و ماڵه و ئوسامه بن لادن و هه‌ر سێ هاوسه‌ر و ته‌واوی منداڵه‌كانی بۆردومان كران و كوژران.
د.ی