له‌ ئێران 3 مليۆن و نيو قوتابى له‌ خوێندن بێبه‌ش ده‌كرێن

چالاكان دەڵێن ھەژاری و دەستكورتی وایان كردووە رێژەیان بەردەوام زیاتر بێت.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/e54383eb-628d-4508-a136-7fd8fa4280aa/xwendnliran.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

زیاتر لە 3 ملیۆن و 500 ھەزار قوتابی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان وازیان لە خوێندن هێناوە، ئەگەرچی ئێستا بەپێی یاسا ئەو دایك و باوكانەی گوشار بۆ منداڵەكانیان دەھێنن بۆئەوەی واز لە خوێندن بھێنن، سزا دەدرێن، بەڵام چالاكان دەڵێن ھەژاری و دەستكورتی وایان كردووە رێژەیان بەردەوام زیاتر بێت.

خۆیان برسین و  بۆ تێركردنی سکی منداڵەكانیان ناچاریان دەكەن دەستبەرداری خوێندن بن، ئەوە چیرۆكی سەدان ھەزار دایك و باوكی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستانە، كە ئێستا گوشار بۆ منداڵەكانیان دەھێنن بۆ ئەوەی تێچووی خوێندنیان لە ئازارێكی دیكە بدەن.

عەلی باقرزادە یاریدەدەری وەزیری پەروەردەی ئێران بە ھەواڵدەری مێھری گوتووە، كە بەسەدان دایك و باوكیان سزا داوە، كە رێگەیان لە خوێندنی منداڵەكانیان گرتووە.

بەپێی ماددەی 4-ی یاسای پاراستنی منداڵان، ھەر دایك و باوكێك رێگە لە خوێندنی منداڵان بگرێت، سێ ھەتا شەش مانگ دەستبەسەر دەكرێت و یەك ملیۆن تمەنیش سزا دەدرێت.

ئەگەرچی بەپێی ماددەی 30 لە دەستووری ئێران دەوڵەت دەبێ ھەموو خزمەتگوزارییەكی بێ بەرامبەر بۆ خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی دابین بكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش 3 ملیۆن و 600 ھەزار منداڵ لە خوێندن بێ بەشكراون و نزیكەی 500 ھەزاریش ھی رۆژھەڵاتی كوردستانن.

زۆرینەی رەھای ئەو كەسانەی لە خوێندن بێ بەری كراون، بەھۆی ھەژاری و نەداری بووە و راستەوخۆ دایك و باوكیان رێگەی خوێندنیان لێ گرتوون.

تاكوو ئێستا بنەماڵەكان رێگەیان لە 35 ھەزار قەتابی ناوەندی و 180 ھەزار قوتابی دوا ناوەندی گرتووە لەخوێندن بەردەوام بن.

ھەژاری خێزان و گرانی بژێوی ژیان ھۆكاری سەرەكی بەردەوامنەبوونی قوتابیانی ئێرانە لە خوێندن و زۆربەی ئەو رێژەیەش ھی پارێزگاكانی سەر سنوورە و ھەر 5 پارێزگای رۆژھەڵاتی كوردستانیش لەسەر سنوورن و منداڵان و تازە پێگەیشتووەكان زۆربەیان لەپێناو كۆڵبەریی و بۆ دابینكردنی دانی سەر سفرەی ئێواران دەستبەرداری خوێندن دەبن.