ئەمەریکا 24 دبلۆماتکاری رووسی لە وڵاتەکەی دەردەکات

پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و رووسیا گرژی تێدەکەوێت
کۆبوونەوەی جۆو بایدن و ڤلادیمێر بوتین - 16/6/2021 - ژنێف
کۆبوونەوەی جۆو بایدن و ڤلادیمێر بوتین - 16/6/2021 - ژنێف

 K24 - مۆسکۆ

ئەنەتۆلی ئەنتۆنەڤ، باڵوێزی رووسیای فیدراڵ لە واشنتن، بە گۆڤاری National Interest رایگەیاندووە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لیستی 24 دبلۆماتکاری رووسی پێداون کە پێویستە تاوەکو 3ی سێپتێمبەر ئەمەریکا جێبهێڵن.

 باڵوێزەکەی رووسیا لە واشنتن ئەوەی خستووەتەروو، ئەو 24 دبلۆماتکارە و 60 ئەندامی خێزانەکانیان لە ئەمەریکا دەردەکرێن، بەبێ ئەوەی واشنتن هۆکاری دەرکردنەکەیان روون بکاتەوە.

ئەنەتۆلی ئەنتۆنەڤ، دەڵێت: "ئاگادار کراوینەتەوە، کە دەبێت تا 3ی سێپتمبەر ئەم دبلۆماتکارانە ئەمەریکا جێبهڵێن، بەبێ ئەوەی کەسی تر شوێنیان بگرێتەوە".

راشیگەیاند: "واشنتن کارکردنی دبلۆماتکارانی رووسیای لە ناوچەکانی خۆرئاوای ئەمەریکا قەدەغە کردووە، ئەمە لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی رووسیا لەم ناوچانەی ئەمەریکا ژیان دەکەن".

باڵوێزەکەی رووسیای فیدرال، رەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت بەوەی رێکارەکانی پێدانی ڤیزای دژوار کردووە، هەروەها مەرجی قورسی بەسەر دبلۆمەتکارانی رووسیدا سەپاندووە، کە هەر دبلۆماتکارێک دوای سێ ساڵ کارکردن لە ئەمەریکا، پێویستە لە وڵاتەکە دەربچێت و جارێکی تر سەرلەنوێ مامەڵەی پێشکەشکردنی ڤیزا دەست پێشکەش بکاتەوە. پێشتر دبلۆماتکارانی رووسی دەیانتوانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ئەمەریکا کاربکەن.

لیۆنید سلوتسکی، سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی رووسیا،  ئەم کارەی واشنتن بە هەنگاوێکی بێزارکەر، بە ئامانجی تەگەرە خستنە بەردەم ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمەریکا دەزانێت.

سلوتسکی، بە میدیاکان راگەیاندووە: ئێستا 450 دبلۆماتکاری رووسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کاردەکەن، لەوانە 150 کارمەند لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و 300 دبلۆماتکاری تریان لە باڵوێزخانە و کونسوڵخانەکانی رووسیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کاردەکەن. 

وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەم کارەی واشنتن، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا باڵوێزخانەی ئەمەریکای لە مۆسکۆ ئاگادارکردووەتەوە، کە لە مەودوا باڵوێزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا لە رووسیا، دەبێت تەواوی کارمەندانیان لە ئەمەریکاوە بهێنن بۆ رووسیا، بەمەش خەرجییەکی زۆر دەکەوێتە سەر واشنتن و  هەروەها کاتێکی زۆرتری پێویستە .

ئەم گرژییانەی واشنتن و مۆسکۆ لە کاتێک دایە، لە 16ی حوزەیرانی 2021، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا و جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا، لە ژنێڤی پایتەختی سویسرا کۆبوونەوە، بەمەش پەیوەندییەکانی نێوان کرێمل و کۆشکی سپی بە ئاڕاستەی ئەرێنی هەنگاویان نا، جارێکی تر  لە 28ی تەمموز جێگرانی وەزیری دەرەوەی رووسیا و ئەمەریکا لە ژنێڤ کۆبوونەوە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ستراتیژی، لەم دیدارەیاندا هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە ئەیلولی داهاتوو جارێکی تر کۆببنەوە.

دەرکردنی دبلۆماتکارە رووسیەکان لە ئەمەریکا، بابەتێکی نوێ نییە، بەڵکو لە ئەپرێلی رابردوو، واشنتن تۆمەتی خستە پاڵ مۆسکۆ کە دەستوەردانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کردووە لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترامپ، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. جگە لەمە واشنتن مۆسکۆی تاوانبار کرد کە هاککەرە رووسیەکان، هێرشی ئەلیکترۆنیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ویلایەتەیەکگرتووەکان ئەنجامداوە، بۆیە واشنتن لە بەرانبەر ئەو کارانەی مۆسکۆ سزای سەپاند بە سەر 10 دبلۆماتکاری رووسی و 38 کەسایەتی رووسیدا، ئەمەش وەک  تۆڵەسەندنەوەیەک لە رووسیا. ئێستا پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەکانی رووسیا و ئەمەریکا، بە قۆناغێکی هەستیاردا هەنگاو دەنێن، کە رەنگە بەهۆی ئەم کارانەوە، گرژی بکەوێتە پەیوەندییەکان و ریسەکە ببێتەوە خوری.