رۆمانی "بەنێ ناڤکێ" کرایە کوردی
K24 – هەولێر
یەکەم رۆمانی رۆماننووس مەها حەسەن، بەناوی "بەنێ ناڤکێ" لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی بە زاراوەی کرمانجی بڵاوکرایەوە.
وەرگێڕ و میدیاکار سیامەند بریم، رۆمانی "بەنێ ناڤکێ"ی کردووە بە کوردی و لەلایەن کتێبخانەی ئاڤا چاپ و بڵاوکرایەوە.
مەها حەسەن، خەڵکی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە، لە تەمەنی منداڵی لە شاری حەلەبی سووریا ژیاوە و هەم لەوێش خوێندویەتی، لە ساڵی 2005 رووی کردووەتە ئەوروپا و لە وڵاتی فەرەنسا نیشتەجێ بووە.
مەها حەسەن، تائێستا 15 رۆمانی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردووەتەوە و چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە.
وەرگێڕی رۆمانی "بەنێ ناڤکێ" سیامەند بریم، لەبارەی وەرگێڕانی رۆمانەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەوەی وایکرد ئەو کتێبە بۆ سەر زمانی کوردی وەربگێڕم، ناوەڕۆکی ئەو رۆمانە باسکردنە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابووری کۆمەڵگەی کوردی لە عەفرین و حەلەب و پاریس، هەروەها تیشک دەخاتەسەر خەم و کێشەی کوردان، بەتایبەتی ناسنامە و هەبوونی دەوڵەت، کە گرێدراوە بە خاک، وێنەیەکی رامیاری و فەلسەفی پیشان دەدات.
هەروەها مەها حەسەن، لەبارەی وەرگێڕانی کتێبەکەی بۆ سەر زمانی کوردی گوتی: "وەرگێڕانی کتێبەکەم بۆ سەر زمانی کوردی کە ماڵبات و خیزانەکەم بەم زمانە دەدوێن، جێگەی دڵخۆشیمە، چونکە راستە هەموو کتێبەکانم بە زمانی عەرەبی نووسراوە، بەڵام بە گیانێکی کوردی نووسراون".