یانەی زاخۆ بەفەرمی یاسر قاسمی گواستەوە ریزەکانی

یاسر قاسم لە زاخۆ
یاسر قاسم لە زاخۆ

یانەی زاخۆ بەفەرمی گواستنەوەی یاسر قاسم یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقی بۆ ریزەکانی راگەیاند.

هوشیار دۆبانکی، گوتەبێژی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 رایگەیاند 'بە مووچەیەکی مانگانە بۆ ماوەی وەرزێک گرێبەستمان لەگەڵ یاسر قاسم واژۆ کردووە'.

هەروەها گوتەبێژەکەی یانەی زاخۆ گوتی 'لەگەڵ ئۆلیڤێرا بەرگریکاری بەڕازیلی لە گفتوگۆداین و چاوەڕێی مافی دەستبەرداربوونەکەی دەکەین لە یانە بەڕازیلییەکەی و لەگەڵ یاریزانێکی کامیرۆنیش گەیشتووینەتە رێککەوتن و دەمانەوێت بۆ وەرزی داهاتوو شەش یاریزانی پیشەگەرمان هەبێت'.

یاسر قاسم ساڵی 1991 لەدایکبووە و پێشتر لە خولی پلەیەکی ئینگلیزی یاریی بۆ یانەکانی سویندۆن تاون و نۆرسامتۆن تاونی ئینگلیزی کردووە و دوو ساڵ لەمەوبەریش لە ریزەکانی یانەی ئۆرێبرۆی سویدی یاریی کرد و ساڵێک لەمەوبەریش لە ریزەکانی یانەی هەولێر پێنج یاریی کرد، لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقیش لە 19 یاری 3 گۆڵی کردووە.