رانیە... دوای ئەوەی کچێك زێڕینگرێك هەڵدەخەڵەتێنی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا
K24 - ههولێر:
بهشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان له بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگهیاند، لەبەرواری 13 /1/ 2021، هاووڵاتیەکی سنووری ئیدارەی سۆران، کە کاری نوێنەری فرۆشتنی ئاڵتوون بووە، سکاڵای تۆمار کرد و بە پۆلیسی راگەیاند، لەسەر داوای کچێك لە شاری رانیە، لە رێگەی کڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین، پشتێنهیهکی ئاڵتوونی بە بڕی 26 مسقاڵ و عەیار 21، لە سنوری ئیدارەی سۆران، بۆ کچەکە هێناوەتە شاری رانیە، دوای ئەوەی کچەکە داوای لە نوێنەرەکە کردووە کە پشتێنە ئاڵتونەکە لە نزیك نۆڕینگەکانی شاری رانیە لە شوێنێکی جیا تاقی بکاتەوە، لەو کاتەدا کچەکە پشتێنێکی ساختەی هاوشێوەی پشتێنە ئاڵتونەکەی لا بووە، ئەوکات نوێنەرەکەی هەڵخەڵەتاندووە و پشتێنە ساختەکەی لەجیاتی پشتێنە ئاڵتونەکەی داوەته نوێنەری زێڕینگرەکە و پشتێنە ئاڵتونەکەشی لای خۆی هێشتووهتهوه، پێی گوتووە: لەکڕینی پشتێنەکە پەشیمان بووهتهوه.
راشیگهیاند، دوای ئەوەی نوێنەری فرۆشتنی ئاڵتونەکە ویستوویهتی بهرهو سۆران بەڕێبکەوێتەوە، دوای ماوەیەکی کەم هەست دەکات کچەکە هەڵی خەڵەتاندووە، بەوەی کە پشتێنەیەکی ساختەی پێداوە، پشتێنە ئاڵتونەکەی لای خۆی گل داوەتەوە، دەست بەجێ پۆلیسی لێ ئاگادار کردۆتەوە و سکاڵای تۆمار کرد.
روونیشیكردهوه، نوێنەرەکە راشیگهیاندووه، کە کچەکە ناناسێت، هیچ زانیاریەکی لەسەر نیە، تەنیا لەسەر داوای کچەکە، لەڕێگەی کڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین، پشتێنە ئاڵتونەکەی بۆ هێناوەتە شاری رانیە، بۆ ئەوەی پێی بفرۆشێت.
ئاماژهشیپێكرد، لەدوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و بەدواداچوون، دوای زیاتر لە (7) مانگ بەسەر کێشەکەدا، لەلایەن هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی رزگاری و بە هاوکاری بنکەی پۆلیسی رانیە، بەسوودوەرگرتن لە زانیاری ورد و بەدواداچوون لەسەر دۆزینەوەی ناسنامەی کچەکە، لە بەرواری 2/8/2021 کچەکە دەستگیرکرا.
جهختیشیكردهوه، کچەکە بەناوی (م.ف.ع)، تەمەنی 34 ساڵە، دانیشتوی شاری رانیەیە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، لە پۆلیس و دادگا دانی بهتاوانهكهیدا ناوە، کە نوێنەری زێڕینگرەکەی هەڵخەڵتاندووه، داوای پشتێنەیەکی ئاڵتونی کردووە و پێشوەخت دانەیەکی ساختەی لەسەر هەمان شێوە لای خۆی ئامادە کردبوو.
هەر بە گوتەی خۆی، دوای 15 رۆژ بەسەر تاوانی هەڵخەڵەتاندنەکە، پشتێنە ئاڵتونەکەی بە کەمتر لە بەهای خۆی فرۆشتووە، بە زێڕینگرێکی شاری رانیە.
پۆلیسی راپەڕین، روونیكردهوه، ئێستا کچەکە بەپێی ماددەی 456، لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.