حکومەت دەسەڵاتی مۆڵەتی وەبەرهێنان دەداتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان

رۆتین لە دامودەزگاکانی حکومەت کەمدەبێتەوە
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

لە پێناو کەمکردنەوەی رۆتین لە دامودەزگاکان و خێراکردنی پرۆسەی پێدانی مۆڵەت بە وەبەر‌هێنەران. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتەکانی پێدانی مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنان دەدات بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بڕیاری شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئێستا دەسەڵات دراوە بە پارێزگاکان بۆ رەزامەندی دان بە پڕۆژە، کە بریتییە لە پەسندکردنی پڕۆژە، رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان، پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان، ئەو سێ پرۆسەیە کە پشێشتر لە دەستەی وەبەرهێنان دەکرا، ئێستا ئەو دەسەڵاتە دراوە بە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ ئەوەی لەوێ رێکارەکان جێبەجێ بکرێن و مۆڵەت بە پڕۆژەکان بدرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی خێراتر مۆڵەتی وەبەر‌هێنان بدرێت و باشتر مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکە بکرێت، ئێمەش لە دەستەی وەبەرهێنان چاودێری دەکەین".

گوتیشی: "پێدانی دەسەڵاتەکان بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر پرۆسەی وەبەر‌هێنان، بەتایبەتی ئەگەر دوای ماوەیەکی تر توانیمان پۆرتاڵی وەبەر‌هێنان دروست بکەین لە پێدانی وەبەر‌‌هێنان، ئەوکات باشتریش دەبێت".

سەرۆکی دەستەی وەبەر‌هێنان، راشیگەیاند: "بە نووسراوی فەرمی هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار کردووەتەوە، هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە هەیانە بۆ پڕۆژەی وەبەر‌هێنان بدرێت بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ ئەوەی لەوێ هەموو پرۆسەکە تەواو بکرێت، هەرکاتێک ئەو رۆتیناتە کەمکرایەوە ئێمە دەتوانین لە ماوەیەکی کەمتر مۆڵەتی وەبەرهێنان بدەین، چونکە پرۆژە هەبووە لە رابردوو چەند ساڵێکی ویستووە تا مۆڵەتی پێدراوە، ئێمە دەمانەوێت لە ماوەیەکی کەمدا مۆڵەت بە وەبەرهێنەران بدرێت و پڕۆژەکان دەست پێبکەن".

روونیکردەوە: "تەنها پڕۆژە ستراتیژییەکان پێویستیان بە رەزامەندی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان و دەستەی وەبەرهێنان هەیە، هەرکاتێک رەزامەندی درا پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەتوانن مۆڵەت بدەن".

د. محەمەد شوکری، جەختیکردەوە: "بە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، رۆتین لە دەوام و دەزگاکان زۆر کەمدەبێتەوە، ئەوکاتەش ئێمە دەتوانین ئاسانکاری زیاتر بۆ وەبەر‌هێنەران بکەین".