ئەمانەی بەغدا دەیەوێت نیاز محەمەد و ئیڤان خالید بباتە ریزەکانی
یانەی ئەمانەی بەغدا دەیەوێت نیاز محەمەد و ئیڤان خالید بگوازێتەوە ریزەکانی و بیانباتە پاڵ سەرهەنگ موحسێن.
چەند رۆژێکە دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لە عێراق کراوەتەوە و بازاڕی یانەکانی بەغدا گەرمە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 یانەی ئەمانەی بەغدا دەیەوێت نیاز محەمەد و ئیڤان خالید لە یانەی هەولێرەوە بگوازێتەوە ریزەکانی، یانەکەی بەغدا دەیەوێت بەرگریکارەکە و ناوەڕاستکارەکە بباتە پاڵ سەرهەنگ موحسین.
نیاز محەمەد گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر کۆتایی هاتووە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی خۆی نەداوە و چارەنووسی خۆی یەکلا نەکردووەتەوە، ئیڤان خالیدیش ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە و چاوەڕێی ئەوە دەکات بزانێت بۆ وەرزی داهاتوو تا چەند لە پلانەکانی تەها قادری راهێنەری دەبێت.
دوای ئەوەی هاوینی رابردوو ئەمانەی بەغدا سەرهەنگ موحوسینی بردە ریزەکانی و ئەو گۆڵپارێزە کوردە لەگەڵ یانەکە لە خولی عێراق 15 کلین شیتی تۆمارکرد، بەرپرسانی یانەکە دەیانەوێت لەسەر ئەم کارەیان بەردەوام بن و یاریزانی دیکەی کورد بگوازنەوە ریزەکانیان.