هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته عێراقییه‌كانی دابه‌شكردووه
K24- هه‌ولێر:
كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و حكومه‌تی عێراق و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا جه‌خت له به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ده‌كه‌نه‌وه، 25 لایه‌نیش به شێوه‌ی زاره‌كی كشانه‌وه‌یان راگه‌یاندووه، به‌ڵام ناویان له لیستی كاندیدانی هه‌ڵبژاردن چاپكراوه.
له‌كاتێكیشدا کشانەوەی بەشێك لە لایەنە سیاسیەکان کاریگەری لەسه‌ر بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە و ھێشتا کاندیدەکان ترسی ئەوەیان ھەیە ھەڵبژاردن نەکرێت، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی بڕیارە سیاسیەکان بە کوردستان24ی جه‌ختی كرده‌وه: بە ھەر میکانزمێك بێت دەبێت ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و لەو بروایەشم ئەو لایەنانەی کشاونەتەوە، کاریگەریان لە سەر پرۆسەکە نابیت و بەشێکی زۆریان لە بڕیاری بایکۆتکردنی ھەڵبژاردن پاشگەزدەبنەوە.
گوتیشی: کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، حکومەتی عێراقی، ھەرسێ سەرۆکایەتیەکە بە ھەموویانەوە ئەو پرسەیان یەکلایی کردووه‌تەوە بۆ ئەوی ھەڵبژاردن بکرێت، چونکە دەیان کوتلەی سیاسی خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن، بۆیە ئەو کوتلانەی بەشداری ناکەن، قەبارە و ئاستیان چەند بێ ناتوانن ببنە ھۆکاری دواخستنی ئەم ھەڵبژاردنە.
به‌ر له دوو ساڵ لە ژێرگوشاری خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر و نارەزایەتیەکانی خوارووی عێراق، ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ یاسایی ھەڵبژاردنەکانی ھەموارکردەوە و بڕیاری ھەڵبژاردنی پێشوەخته‌ی دا، بۆیە ئەمە لە ھزری خۆپیشاندەراندا ماوەتەوە و ئومێد دەکەن ھەڵبژاردن بۆ ریشەکێشکردنی گەندەڵی و گێڕانەوەی ھەیمەنی حکومەت بێت بە سەر جومگگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا.
عيماد فله‌یح، یه‌كێكه له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی به‌شداری له ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا كردبوو، بۆ كوردستان24 ده‌ڵێت: "ده‌بێت ھەڵبژاردن بکرێت، چونکە ئێمە خۆپیشاندانمان کرد و گەنجەکانمان شەھید و برینداربوون و دەیان کەسیش کەم ئەندامبوون، یانی بۆچی ئەو قوربانیەماندا، ده‌بێت خوێنیان لە بیر نەکەین، بۆیە ناکرێت جارێکی تریش دەست بکەینەوە بە خۆپیشاندان، ئێمەش کە گۆرانکاریمان دەوێت، دەبێت لە ریگه‌ی سندوقەکانی دەنگدانەوە ئەو گۆڕانکاریە بکەین، ھەر لەیەکەم رۆژەوە کازمی ھاتە سەر حوکم و عەبدلوەھاب ساعدیی لەگەڵ خۆی ھێنا، بینیمان کە ئەم پیاوە دەیەوێت گۆڕانکاریەك بۆ ئەم گەلە بکات".
بڕیاره له 10ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، لە نوێترین بەیاننامەیدا کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان رایگه‌یاندووه، ئه‌وان سوورن لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و فۆڕمی لیسته‌كانی دەنگدانی گشتی و تایبەتیان بە چاپگەیاندووە، کە ناوی سەرجەم کاندیدەکانی تێدایە بە وێنە و ژمارەکانیانەوە.
H.B