تەواو، مێسی دەچێتە پاریس سانجێرمان

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی

لیۆنێل مێسی پێشوەختە خۆی یەکلاکردووەتەوە و دەچێتە ریزەکانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، پێشتر ئەم بڕیارەی خۆی بە چەند یاریزانێکی یانە فەرەنسییەکە راگەیاندووە.

بەرنامەی ئێلچێرێنجیتۆی بەناوبانگی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، مێسی زۆر لە پاریس سانجێرمان نزیکە، پێشتر لیۆ بە چەند هاوڕێیەکی لە پاریس سانجێرمانی گوتووە ئۆفەرێکی PSG بۆ هاتووە و ئۆفەرەکە قبووڵ دەکات.

لەلایەکی دیکەوە بەرنامەی کواترۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، دوای ئەوەی بارسێلۆنا بەفەرمی رۆیشتنی مێسی راگەیاند، لیۆ پەیوەندیی بە ماوریسیۆ پۆچێتینۆ کردووە و قسەی لەگەڵ کردووە، بەرپرسانی پاریسیش یەکسەر هاتوونەتە سەر هێڵ و دەستیان بە هەوڵەکانیان کردووە تا مێسی بگوازنەوە.

کەناڵی سکای سپۆرتسی بەریتانی ئاشکرایکردووە، مان سیتی گرێبەست لەگەڵ مێسی واژۆ ناکات، بەڵکو پاریس سانجێرمان نزیکترین یانەیە لە لیۆ.

ئەمڕۆ هەینی، پێپ گواردیۆلا بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر سیتی دووپاتیکردەوە 'بەهیچ شێوەیەک بیر لە گواستنەوەی مێسی ناکەنەوە'، ماوریسیۆ پۆچێتینۆ راهێنەری پاریس سانجێرمانیش لە پرێس کۆنفرانسێکدا گوتی 'من دەزانم مێسی چی بەسەر هاتووە و مێسی یەکێک دەبێت لە بژاردەکانی بەردەم پاریس سانجێرمان'

پێشتر کەناڵی TNTـی بەڕازیلی ئاشکرایکردبوو دوای ئەوەی وەرزی رابردوو سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ مێسی کردە دەرەوە، یاریزانێکی یانە فەرەنسییەکە لە ژووری جلگۆڕین بە هاوڕێکانی راگەیاندبوو ئەمە دوایین جارە مێسی لە دژی ئێمە یاریی بکات.