"یه‌كه‌مین یاری مێسی به‌ درێسی پاریس به‌رامبه‌ر ئه‌م یانه‌یه‌ ده‌بێت"

لیۆنێل مێسی یاریزانی ئارجێنتینیا
لیۆنێل مێسی یاریزانی ئارجێنتینیا

مێسی نزیکە بۆ ماوەی دوو ساڵ پەیوەندی بە ریزەکانی پاریس سانجێرمان بکات، بەگوێرەی سەرچاوەی زۆربەی میدیا دیارەکانی ئەوروپا مێسی تەواو لە چوونی بۆ پاریس سانجێرمان نزیکبووەتەوە تەنانەت یانەی پاریس سانجێرمان تاوەری ئیفڵی بەکرێ گرتووە بۆ ئەوەی رۆژی سێشەممە مێسی لە بەردەم تاوەرەکە بە میدیاکان بناسێنێت.

پاریس سانجێرمان چوار ساڵ دوای ئەوەی بە گواستنەوەی نێیمار دڵی هاندەرانی بارسێلۆنای داخ کرد، نزیکە ئەمجارەش بە گواستنەوەی لیۆنێل مێسی ژانێکی دیکە بخاتە دڵی کەتەلۆنییەکان.

٢٤ کاتژمێر دوای ئەوەی بارسێلۆنا بەفەرمی رۆیشتنی مێسی لە یانەکەی راگەیاند، تەواوی میدیاکانی ئەوروپا لەسەر ئەوە کۆکن پاریس سانجێرمان دەبێتە وێستگەی داهاتووی لیۆ.

 فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، مێسی زۆر لە چوونی بۆ پاریس سانجێرمان نزیکە، لیۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ تا هاوینی ٢٠٢٣ پەیوەندی بە ریزەکانی یانە فەرەنسییەکەوە دەکات.

رادیۆی مۆنتی کارلۆ رۆژنامەی لیکیپ و کەناڵی سکای سپۆرتسیش رایانگەیاندووە، گرێبەستەکەی مێسی بۆ ماوەی دوو ساڵ و ساڵێکی دیکەی ئارەزوومەندانە دەبێت و مووچەی ساڵانەی لیۆ دوای باج ٤٠ ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی فابریزیۆ رۆمانۆ، نێیمار لە ماوەی ٢٤ کاتژمیری رابردوو زۆرترین فشاری کردووە تاکو زیاتر مێسی و پاریس سانجێرمان لە یەکتری نزیک بکاتەوە.

چاوەڕێ دەکرێت لە چەند کاتژمیری داهاتوو خۆرخێ مێسی باوکی مێسی لەگەڵ بەرپرسانی پاریس سانجێرمان دەست بە گفتوگۆ بکات تا گرێبەستەکەی مێسی یەکلا بکاتەوە، کە بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکانی فەرەنسا، یانەی پاریس سانجێرمان لە ئێستاوە تاوەری ئیفلی بۆ رۆژی سێشەممە بەکرێگرتووە تا وەکو نێیمار لە بەردەم تاوەری ئیفل مێسی بە میدیاکان بناسێنێت.

میدیاکانی بەڕازیل ئاشکرایان کردووە، نێیمار بە چەند هاوڕێیەکی لە پاریس سانجێرمانی راگەیاندووە گرێبەستی مێسی یەکلا بووەتەوە، کەناڵی تی ئێن تی ئارجێنتینیش رایگەیاندووە، لە چەند کاتژمیری رابردوو سێرخیۆ رامۆس پەیوەندی بە مێسییەوە کردووە و قسەی لەگەڵ کردووە، چونکە ئێستا لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی پاریس باس باسی مێسییە.

به‌ گوێره‌ی میدیایه‌كانی فه‌ره‌نسا، پێشبینی ده‌كرێت مێسی له‌ رۆژی 20ـی ئه‌م مانگه‌ له‌ گه‌ڕی سێیه‌می خولی فه‌ره‌نسا یه‌كه‌مین یاری به‌ درێسی پاریس به‌رامبه‌ر  یانه‌ی ستاد برێست بكات.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی بەرنامەی ئێلچێرێنجیتۆی ئیسپانی، باوکی مێسی بە خوان لاپۆرتای گوتووە تۆ کوڕەکەمت بەکارهێنا بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو بیت و ببیتەوە سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، کە بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی سپۆرت، مێسی بەهۆی رۆیشتنی لە بارسێلۆنا شۆک بووە بۆیە جارێک بێدەنگی هەڵبژاردووە چونکە مێسی بەهیچ شێوەیەک پلانی ئەوەی نەبوو ئەم هاوینە بلاوگرانا بەجێبهێڵێت.