نەتەوە یەکگرتووەکان پلانێکی ملیۆنان دۆلار بۆ هاوکاریکردنی هەژاران رادەگەیەنێت

"ئامانج لەو پلانە پاڵپشتی مرۆییە"

K24 - هەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان پلانێکیان بە ناوی وەڵامدانەوەی خێرا بە قەبارەی 378 ملیۆن و  500 هەزار دۆلار بۆ لوبنان راگەیاند، کە ئامانجیان پاڵپشتی کەسانی زۆر هەژار بکەن.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ئۆتچا، ئامانج لەو پلانە پاڵپشتی مرۆییە کە نزیەک 1.1 ملیۆن لوبنانی لە دۆخێکی زۆر خراپدان و کەوتوونەتە ژێر قەیرانە بەردەوامەکان.

ئەو پلانە لە چوارچێوەی کۆنفڕانسی پاڵپشتی گەلی لوبنانە، کە پێنجشەممەی رابردوو بە سەرۆکایەتی فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، هەروەها کۆنفڕانسەکە لە ساڵیادی تەقینەوەی بەندەری بەیرووت بەڕێوەچوو، کە بەهۆیەوە نزیکەی 200 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 6 هەزار و 500 کەسی دیکە بریندار بوون.