حکومەت پاڵاوگە نایاساییه‌كان داده‌خات

"لە هەولێر (55) پاڵاوگەی نایاسایی داخراون و هێشتا پاڵاوگە نایاساییەکانی سلێمانی کارده‌كه‌ن"
پاڵاوگه‌یه‌ك له‌ سلێمانی
پاڵاوگه‌یه‌ك له‌ سلێمانی

K24 - هه‌ولێر:

حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوە پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن، لەو چوارچێوەیەدا لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە کۆی 130 پاڵاوگەی نایاسایی (55) پاڵاوگە داخراون، دەست بە داخستنی (75) پاڵاوگەی دیکەش دەکرێت، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند، ھێشتا لە پارێزگای سلێمانی پاڵاوگە نایاساییەکان ھەر کار دەکەن و رێژەیەکی زۆر کەمیان داخراون.

یەکێك لە ھەنگاوە چاکسازییەکانی کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانە، کە چەندین مەترسیان بۆ سەر ژینگە و تەندروستی ھاووڵاتیان ھەیە، لە پارێزگای ھەولێر لە کۆی (130) پاڵاوگەی نایاسایی (55) پاڵاوگە داخراون و دەست بە داخستنی (75) پاڵاوگەی دیکەش دەکرێت، شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاشكرای كرد، لە سلێمانی تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری پاڵاوگەی نایاسایی ھەن و دانەخراون.

بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگانە چەند جارێك بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی نووسراویان کردووە، بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە، زیاد رەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێی وایە داخستنی ئەو پاڵاوگانە سوود بە ژینگە دەگەیەنێت و ھیچ قەیرانێکیش لەسەر سووتەمەنی دروست ناکات.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 زۆرێك لە پاڵاوگە نایاساییەکانی سلێمانی دەکەونە ناوچەی تانجەرۆ، ئەم پاڵاوگانە نەوتی خاوی بەقاچاخ ھێنراو بە ناوی گازوایل و بەنزین دەفرۆشنەوە و بەنزینەکە دەدەن بە کۆگاکانی ھەڵگرتنی بەنزین و بە بەنزینخانەکانی دەفرۆشنەوە، کە ئەوەش مەترسی زۆر لە سەر ژینگە و تەندروستی ھاوڵاتیان دروست دەکات.

د.ی