نەسرین چیرۆکی کوژرانی دایکی بە چەکی بێدەنگ دەگێڕێتەوە

میدیا لەناو ماڵەکەی کوژرا و دوو لە کچەکانیشی بریندار کران
نەسرین محەمەد - کچی ئەو ژنەی لە کەرکووک بە چەکی بێدەنگ کوژرا
نەسرین محەمەد - کچی ئەو ژنەی لە کەرکووک بە چەکی بێدەنگ کوژرا

K24 – کەرکووک

لە گەڕەکی کوردستانی شاری کەرکووک، چەند چەکدارێک بە چەکی بێدەنگ چوونەتە سەر ماڵێکی کورد، ژنێکیان کوشتووەو دوو کچی ژنەکەشیان بریندار کردووە، کەس و کاری ژنەکە دەڵێن، کێشەمان لەگەڵ کەسدا نییە، ئەوەی کە کراوە کردەی تیرۆریستی بووە و پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بکرێن.

نەسرین محەمەد، کچی ئەو ژنەیە کە لەلایەن ژمارەیەک کەسی دەمامکدار بە چەکی بێدەنگ کوژرا، ئەو چیرۆکی کوژرانی دایکی بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "یەکێک لەو کەسانە چوو چەکەکەی لەناو ئۆتۆمبێل هێنا ویستی لەناو حەوشەکەمان لە دایکم بدات، دایکیشم بۆ ژوورەوە رایکرد و دەرگاکانی بەسەر خۆیدا دادەخست، ئەو کەسەش پاڵی بە دەرگاکانەوە دەنا، لە مەتبەغەکە گولـلەیەکی نا بە قاچی دایکم، دواتر هاتە ژوورەوە خوشکەکەم لەوێ بوو، گولـلەیەکیشی دا لە قاچی خوشکەکەم، پاشان دایکم کە لە ژووری میوانەکان بوو لەوێ تەقەی لە دایکم کرد و خستی. من لەوێ بووم، بەڵام خۆم شاردبووەوە".

چەند رۆژێک لەمەوبەر ژمارەیەک چەکدار، بەچەکی بێدەنگ و دەموچاوی پێچراوەوە، چوونە سەر ماڵێکی کورد لە گەڕەکی کوردستانی شاری کەرکووک، میدیا فەیزوڵڵا کە ژنی ئەو ماڵە 9 گولـلەیان لە ژنەکەدا و دوو لە کچەکانیشی بریندار کران، دوای چەند نەشتەرگەریەک رۆژی شەممە 7/8/2021، میدیا گیانی لەدەستدا و تائێستا بکوژانی نادیارن. کەسوکاری دەڵێن، داعش بوونە، هێزە ئەمنیەکانیش هیچ قسەیەکیان نەکردووە لەمبارەیەوە.

کاوە شەمسەدین، خزمی ژنە کوژراوەکەیە و دەڵێ: "سەدا سەد ئەوانەی هاتوونەتە سەر ماڵەکە داعشن، خاوەنی ماڵەکە کە محەمەد کەمێکی پێشتر لە ماڵ دەرچووە، ئەوان زانیاری ئەوەیان هەبووە کە لە ماڵ بووە، بەڵام کاتژمێرێک پێش ئەوان بێن چووەتە دەرەوە".

گوتیشی: "دەزگا ئەمنییەکان دەڵێن، کۆڵانەکە تاریکە و کامێرای چاودێری لێ نییە، تائێستا هیچ سەرەداوێکیان لەسەر ئەو رووداوە نەدۆزیتەوە، ئەگەر تاوانباران نەدۆزنەوە دەڵێن کێشەی کەسییە، لە کاتێکدا ئێمە کێشەمان لەگەڵ کەس نییە".

محەمەد شەمسەدین،  کە هاوسەری میدیایە ئەو ژنەی کوژراوە، خۆی و هاوسەرەکەی یاریزانی لەش جوانین، خاوەنی شەش منداڵن. محەمەد بە کوردستانی راگەیاند: "زوڵم لە ژنەکەم کراوە لەناو ماڵەکەمان بە چەک لە هاوسەرەکەم و دوو لە کچەکانم درا، 9 فیشەک بەر میدیا کەوتووە، نەشتەرگەریمان بۆ کرد، بەڵام چارەسەری نەبوو دڵ و سییەکانی وەستان و گیانی لەدەستدا".

راشیگەیاند: "داوا لە پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەی کەرکووک دەکەم، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن و ئاشکرای بکەن کە کێ ئەم تاوانەی کردووە".

ه.م